"پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ سودێکی بۆ کورد نەبووە، تەنها ناوی زل و دێی وێرانە"

‌‌مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد
مەحمود عوسمان، سیاسه‌تمه‌داری کورد رایدەگەیەنێت" پێم باشە کورد واز لە پۆستی سەرۆک کۆمار بهێنێت، چونکە ئەو پۆستە هیچ سودێکی بۆ کورد نەبووە، تەنها ناوی زل و دێی وێرانە ئەو پۆستە بۆ کورد". 

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد و ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" کورد دەبێت یەکگرتوو بێت، هەموو جارێک ئەوە دەڵێین و دەڵێینەوە، مناڵیش ئەوە دەزانێت، دەبێت کورد یەکگرتوو بێت بەرگری لە قەزییە گشتیەکە و مافی کورد بکەن، نەک هەرکەسە و بەلای حیزبی خۆیدا ڕایبکێشێت، ئەوەیە ئەساسەکە، بەڵام کورد وانیە ئێستا، یەکێکییان بەلای سەدردا و ئەوی ترییان بەلای لایەکەی تردا، هەڵەیە ئەو شتە زیانیشە". 

مەحمود عوسمان پێشبینی ئەوەشی کرد، دۆخی عێراق بەرەو خراپتر بچێت، وتی" ئەوەتا شەش مانگە هەڵبژاردن کراوە، کۆبونەوەیەکیان پێناکرێت، هەر یەکە و بەلایەکدایە، هەتا دادگای فیدراڵیش زیاتر بەلای چوارچێوەی هەماهەنگییە، بڕیاری عەنتیکە عەنتیکە و سەیر دەدەن، جیهانی دەرەوەش ئێستا گرنگی بە دۆخی عێراق نادات، زۆر کەمبۆتەوە گرنگی پێدان، بێگومان دۆخی عێراق بەرە و خراپتر دەڕوات، ئەگەرچی وڵاتێکی نەوتیە، بەس هەر بۆ نمونە تا ئێستا نەیانتوانیووە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠٢٢) بنێرن بۆ پەرلەمان، پەرلەمان بێ ئیشە دانیشتووە چاوەڕێی ئەو سەرکردانە دەکات، کوردەکان دژی یەکترن، شیعەکان دژی یەکترن، سوننەکانیش لەناو خۆیاندا یەک نین، دۆخێکی نالەبارە بەڕاستی". 

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە سەرەتا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەویش کەسێک ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینی نوێی حکومەت، بەڵام ئەوەتا ڕێژەی یاسایی کۆبونەوەکی پەرلەمانیان بۆ تەواو ناکرێت، ئەمەش گرفتە بە بێ ڕێککەوتنی شیعە و شیعە، یا کورد و کورد ناکرێت، ڕەنگە دواجار وای لێبێت بڵێن با هەڵبژاردن بکەینەوە.

ناوبراو لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ کوردەکان باسی لەوەکرد، دە ساڵ پێش ئێستا وتومە، کورد واز لەو پۆستە بهێنێت باشە، چونکە هیچ دەسەڵاتی نیە، تەنها ناوە، (تەنها ناوێکی زل و دێی وێرانە) هیچ نیە ئەو پۆستە (پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق) کاتێک لە دەرەوە ئەجنەبییەک دەبینین کە پێی دەڵێیت، شەریک نیم لە عێراقدا، پێت دەڵێت چۆن شەریک نیە، تۆ سەرۆک کۆمارت هەیە، سەرۆک ئەرکانت هەیە (کە جاران بابەکر زێباری) سەرۆکی بوو، هیچ دەسەڵاتی نەبوو، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوەت هەیە، چۆن شەریک نیت! خۆ هەمووی ناوە ئەو پۆستانە، دەسەڵاتی ئەسڵی لای شیعەکانە، مادام هیچ دەسەڵات و سودی نەبووە، سەرۆکی پەرلەمان ڕەنگە بیتوانیایە سودێکی هەبێت بۆ کورد. 


AM:10:08:04/04/2022