ئەمەریکا: فەرماندە نوێکەی روسیا لە ئۆکرانیا توانای وەحشیگەری ئەنجام دەدات


راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، جیک سولیفان پێشبینی دەکات ئەو فەرماندە نوێیەی پۆتین بۆ هێزەکەی لە ئۆکرانیا دایناوە کە پێشتر فەرماندەی هێزەکانی روسیا بوو لە سوریا، تاوانی وەحشیگەری لە ئۆکرانیا ئەنجام دەدات.

لە چەند کاتژمێری رابردوو پۆتینی سەرۆک روسیا ژەنەراڵ ئەلکسەندەر دفورنیکوفی فەرماندەی هێزە سەربازیەکانی لە سوریا کردە فەرماندەی سەرجەم هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا، کە ئەمە یەکەمجارە هەموو هێزەکانی روسیا لە ژێر دەسەڵاتی یەک فەرماندەیی سەربازیدا بن.

سولیڤان بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی راگەیاندووە" ئەوەی روسیا ئەنجامی دەدات لە ئۆکرانیا تاوانی جەنگە و ئەمەشمان لە چەند شوێنێک بینی".

وتیشی " ئەوەی کۆشکی کریملن لە ئۆکرانیا دەیکات لە کوشتنی مەدەنی تاوانی جەنگەو بەرپرسیارێتیشی لە ئەستۆی ئەوانە".

هەروەها وتیشی " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە کۆمەککردنی سەربازی ئەو چەکانەی ئۆکرانیا پێویستیەتی".

روسیا ژەنەراڵ ئەلکسەندەر دفورنیکوفی کە گوێزراوەتەوە بۆ ئۆکرانیا فەرماندەی هێزەکانی روسیا بووە لە سوریا و بە بەرپرسی بەشێکی زۆری کاولکاری لە سوریا دادەنرێت.



PM:06:55:10/04/2022