وا بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری لە شارۆچكەی دوكان بكرێت كە سەرمایەكەی ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلارە.
قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە قەزای دوكان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لەبارەی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و بڕیاردرا كار ئاسانی بكرێت بۆ جێبەجێكردنی سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە دەڤەرەكە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە پاڵپشتی حكومەت بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار كردەوە و داوای لە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران كرد پلان و پڕۆژەی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزار پێشكەش بكەن و هەروەها داوای لە دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كارئاسانی تەواو بكەن بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە كەرتی گشتوگوزاردا وەبەرهێنان بكەن.
هەروەها باسی كێشەی ئەو زەوی و زارانە كرا كە بڕیارە پڕۆژە گەشتیارییەكانی تێدا جێبەجێ بكرێت و بڕیاردرا ئەو كێشەیە بە شێوەیەكی یاسایی و بە جۆرێك چارەسەر بكرێن كە خاوەن زەوییەكان سودمەندبن لەوەی زەوییەكانیان بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بەكاربهێندرێت.
هەر بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەو پڕۆژە گەشتیارییە سەرمایەكەی ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلارە و بە تەواوبوونی هەزاران هەلیكار دەڕەخسێنێت.