"سوپای عێراق گەمارۆی چەند بنكەیەكی دیكەی ئاسایشی ئێزیدخان دەدات"


دوای هێرشەكەی ئەمڕۆی سوپای عێراق بۆ سەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان لە كۆمەڵگەی دیگۆر، لە ئێستادا سوپای عێراق هەریەك لە ناوەندی ئاسایشی سنوونێ و خانەسوری گەمارۆداوە و داوای خۆڕادەستكردن لە ئاسایشی ئێزیدخان دەكات.

ئاژانسی رۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە بڵاویكردەوە "سوپای عێراق لە شەنگال بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ گەمارۆدان و دەستبەسەرداگرتنی بنكەكانی ئاسایشی ئێزیدخان، لە ئێستادا گەمارۆی چەند بنكەیەكی دیكەی ئاسایشی لە سنووری شەنگال داوە و داوا دەكات ئەو بنكانە چۆڵ بكرێن".

هەر بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە "سوپای عێراق هێزێكی سەربازیی زۆری لە دەوروبەری ناوەندی ئاسایشی ئێزدخان لە شارەدێی سنوونێ و كۆمەڵگەی خانەسور بڵاوكردووەتەوە، هاوكات سەرجەم ڕێگە سەرەكییەكانی شەنگالیشی داخستووە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای عێراق هەوڵیدا دەست بەسەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان بگرێت لە كۆمەڵگەی دیگۆر، سەرباری هەوڵەكانیش بۆ چارەسەركردنی هێرشەكە، بەڵام سوپای عێراق بە چەك هێرشیكردە سەر بازگەكە و بەهۆیەوە پێكدادان لە نێوان ئاسایشی ئێزیدخان و سوپای عێراق ڕوویدا و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بەردەوام بوو.

ئەو هێرشەی سوپای عێراق بۆ سەر بنكەكانی ئاسایشی ئێزیدخان لە سنووری شەنگال، هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی سوپای توركت بۆ سەر هەرێمی كوردستان.




AM:12:28:19/04/2022