ئەردۆغان لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەیان سوپاسی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت" هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەمان". 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام دەمانەوێت ئاسایش بەرقەرار بکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ نێو بنکە و بارەگاکانیان چەندین ساڵە پەکەکە ناتوانێت هیچ چالاکییەک لەنێو تورکیادا بکات و لە چالاکیمان خستوون و بەردەوام دەبین.

دەشڵێت" ئامانجمان لە ئۆپەراسیۆنی (کلیل-چنگ) داماڵینی خاکی عێراقە لە پەکەکە، هەروەها گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنووری وڵاتەکەمانە". 

ئەردۆغان لە بەشێکی تری وتارەکەیدا جەختیشیکردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانمان دەکەین و سوپاسی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکەین. 

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای لە بەغداد بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا ئاراستەی حکومەتی ئەنقەرە کرد و وتی" حكومه‌تی عێراق به‌ فه‌رمی داوای له‌ توركیا كردوه‌ هه‌موو هێزه‌ سه‌ربازه‌كانی له‌ خاكی عێراق بكشێنێته‌وه‌ و رێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگرێت". 

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسی له‌وه‌شكردبوو، عێراق مافی خۆیەتی رێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرێتەبەر بەپێی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یاساکانی نێودەوڵەتی، کە به‌ پێی مادده‌ی (٥١)ی دەستوری نەتەوە یەکگرتوەکان، نابێت سه‌روه‌ری هیچ ده‌وڵه‌تێك پێشێل بكرێت. 


PM:02:16:20/04/2022