وەزارەتی
پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکانی تورکیا هەبێت
و جوڵەیان پێکرابێت.
ئەمڕۆ
٢١ی نیسان پێنج شەممە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند " دوای دەستپێکردنی
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، کۆمەڵێک میدیای
نابەرپرس سەرقاڵی تۆمەت بەخشینەوەن بە هێزی پێشمەرگە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی
هاوکاری و بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنەی کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە وەزارەتی
پێشمەرگە تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنێین کە بە هیچ شێوەیەک
هێزی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیای نەکردووە و جوڵەیان پێنەکراوە".
باسی
ئەوەشکراوە، وەک هەمیشە پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا چاوکراوەیە و رێگە نادات
هیچ ناوچەیەکی دیکە بکەوێتە ژێر هەژموونی یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی نێوان لایەنە
ناکۆکەکان، چونکە ساڵانێکی زۆر خەڵکی کوردستان باجی ململانێ ناوچەییەکان دەدەن و
زیانی زۆریان بەرکەوتووە، جەختیشدەکەینەوە، پێویستە رێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان
و عێراق بگیرێت.