هێرشکرایە سەر فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و پاسەوانێکی کوژرا

بەیانی ئەمڕۆ لە لایەن ژمارەیەک چەکدار هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاسەوانێکی بەهۆی هێرشەکەوە کوژرا. 
 
بەپێى هەواڵى میدیاکانی ئێران، بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٢ لە شارۆچکەی زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی باشوری رۆژهەڵاتی ئێران، لە کاتى تێپەڕبوونى کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى فەرماندە حسێن ئەڵماسى، فەرماندەی تیپى سەلمان فارسى، لە هەوڵێکى کوشتن رزگارى بوو. 

میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لەوەش دەکەن، مەحموود ئابسالان، کە پاسەوانی تایبەت و کوڕی پەرویز ئابسەلان، جێگری پێشووی فەرماندەی سوپای پاسداران لە یەکەی سەلمانی فارسی، بەهۆی هێرشە چەکدارییەکەوە کوژرا.  
 
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکردووە" حسێن ئەڵماسی لە هێرشە چەکدارییەکەدا هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە و لە شوێنی رووداوەکەش توانرا چوار کەس دەستگیر بکرێت، کە دەستیان لە هەوڵەکەدا هەبووە". 


AM:09:35:23/04/2022