"ماڵێک لە شاری سلێمانی ٥٥٠ کیلۆگرام گۆشتی قەدەغەکراوی تێدا دۆزرایەوە"

بڕێکی زۆر جگەری ئێرانی و قیمە و گۆشتی هندی قەدەغەکراو و ساس لە ماڵێکدا دەستی بەسەردا گیرا، کە بەنیاز بوون بەسەر دووکانەکانی ناوشاردا دابەشی بکەن.

 

ئەمڕۆ ٢٣ی نیسان شەممە، نوێنەری ڤێتێرنەری شۆڕش کەمال، لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "دوای بەدواداچونی ورد بە هاوکاری ئاسایشی ئابوری و پۆلیسی سەرا توانرا لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کارێزەوشک دەستبگیرێت بەسەر بڕی ٥٥٠ کیلۆگرام گۆشت و قیمەی هندی و جگەری بەستوی ئێرانی کە سەرجەمیان بەبڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و تەندروستی قەدەغەن، لەگەڵ ٢٥٠ کیلۆگرام ساسی ئامادەکراو کە بەهۆی خراپ هەڵگرتنیانەوە خراپ ببون، ئەوەشهاتووە بەفەرمانی دادوەر ماڵەکەمان پشکنیوەو بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو خۆراکانە لەناودەبرێن.

 

هەروەها خاوەنی ئەو خۆراکە قەدەغەکراوانە رادەستی یاسا کراوەو ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت، لەهەمان کاتدا دوکانی ئەو هاوڵاتییە لە دارەسوتاوەکەی ناوبازاڕ داخرا.

 

 

 

 



PM:02:43:23/04/2022