راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی: پێویستە سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەریتانیا لەسەر ئاستی عێراق بە سەركەوتوو بزانرێت


راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا لەسەر ئاستی عێراق بە سەركەوتوو بزانرێت، ئاماژەی بەوەشكردووە "ئێمە هەرگیز نەمانوتووە دەبینە جێگرەی رووسیا یان ئێران لە بازاڕی وزە".

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاندووە "بەریتانیا دەیەوێت مامەڵەیەكی باشتر لەگەڵ ئەو پێگە گرنگەی هەرێمی كوردستان بكات، راستە ئێمە گرێدراوی وڵاتێكین بەناوی عێراق، بەڵام ئێمە چەند جیاوازییەكمان لەگەڵ شوێنەكانی دیكەی عێراقدا هەیە، ئەمەش وایكردووە ببینە جێگەی گرنگیدانێكی زیاتر لای وڵاتانی دیكە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەو سەردانەی سەرۆكی حكومەت بۆ بەریتانیا تاوتوێی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراقی كراوە و بە بەریتانیا راگەیەندراوە، كە ئەو بڕیارە دەرهاویشتەی چ ئەجێندایەكە، بەتایبەت لەڕووی سیاسییەوە، لەكاتێكیشدا بەریتانیا دامەزرێنەی ئەم وڵاتەیە، لە هەموو وڵاتێكی دیكەی جیهان زیاتر ئاگاداری بارودۆخی عێراقە".

هەروەها وتویەتی "هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێكی بەرپرس لە عێراق بەرهەڵستی خۆی بۆ ئەو سەردانەی سەرۆكی حكومەت بۆ وڵاتی بەریتانیا دەرنەبڕیوە، بەڵام پێویستە ئەو سەردانە لەسەر ئاستی عێراق بە سەركەوتوو بزانرێت، چونكە ئامانجی ئەم سەردانە بۆ زیانگەیاندن نییە بە عێراق، بەڵكو بۆ هاوكاریكردنی عێراقە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر بۆ كێشەكان".

عارف روشدی روونیكردۆتەوە "سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا لە ساتێكی زۆر هەستیاردایە، ئەو شەڕەی لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا هەڵگیرساوە، ناكرێت تەنها بە شەڕی نێوان دوو وڵات ناوببرێت، چونكە ئەم شەڕە لە نێوان رووسیا و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە لایەكی دیكەدایە و لایەنێكی گرنگی ئەو جەنگەش لایەنێكی ئابوورییە، چونكە رووسیا ئەو وڵاتەیە كە رێژەیەكی زۆری غازی سروشتی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و گەنم بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان دابین دەكات، چوونی شاندی ئێمە لەو كاتە هەستیارەدا هەڵگری پەیام گەلێكە، لەوانەش لایەنی وزە، كە كوردستانیش خاوەن یەدەگێكی زۆری نەوت و غازە، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە دەبینە جێگرەی رووسیا یان ئێران لە بازاڕی وزە، بەڵام مافی ئێمەیە لە چوارچێوەی وڵاتێكی دانپێدانراوی وەك عێراق، ئێمەش وەك هەرێمێكی دەستووری بتوانین سوود لە سەرچاوەی وزەی خۆمان وەربگرین، كە ئەمە هەم بۆ ئێمە باشە و هەمیش دەتوانین بەشێك لەو بارگرانییە سووك بكەین، كە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆكرانیا باڵی بەسەر جیهاندا كیشاوە".   






PM:10:54:23/04/2022