وەزیری شارەوانی چەند بڕیارێكی نوێی بۆ ئەو هاوبەشانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە ئاشكراكرد


وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی نوێی بۆ ئەو ماڵ و شوێنە گشتییانە دەركرد كە پێوەری ئاویان نەبەستوە و لە گرنگترینیشیان كەمكردنەوەی كرێی ئاوە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "ئەو هاوبەشانەی لە دەرەوەی شارەكانن‌و پێوەریان نەبەستووە، نرخی  مانگانەی كرێی ئاویان لە ٨٠ هەزار دینارەوە بۆ ١٠ هەزار دینار بۆ كەمدەكرێتەوە، بەڕێژەی ٩٠% داشكاندنیان بۆ دەكرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هاوبەشانەی لەناو شارەكانن‌و پێوەریان نەبەستووە، نرخی مانگانەی كرێی ئاویان لە ٨٠ هەزار دینارەوە بۆ ٢٠ هەزار دینار كەمدەكرێتەوە، واتە بەڕێژەی ٧٥% داشكاندنیان بۆ دەكرێت.
  
ساسان عەونی وتویەتی "زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوبەشی ئاو تاوەكو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، واتە رێژەی ٢٥%ی هاوبەشەكانی ئاو پێوەریان نەبەستووە، بۆ شوێنە بازرگانییەكان‌و كاسبكاران‌و پیشەوەران، كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە ٢٠٠ هەزار دینارەوە بەڕێژەی ٤٠% كەمكراوەتەوە".

وەزیری شارەوانی دەڵێت "ئێستا دەرفەتێكی لەبارە، بۆیە ڕوو لە هاوڵاتییان دەكەن ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوەو بچن ئەو كرێی ئاوە بدەن‌و پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی سودەمەند بن".

هەروەها وتویەتی "فەرمانگەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرجەم شارو شارۆچكەكان رۆژانە بڕی دوو ملیۆن‌و زیاتر لە ٦٨٤ مەتر سێجا ئاو بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەك ئاو لەسەر حكومەت بڕی ٣٣٥ دینار دەكەوێت".



PM:07:45:25/04/2022