لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارەوە مووچەی چەند شوێنێک دابەش نەکرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٢ موچەی چەند شوێنێک دابەش بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکی سلێمانی و دەوروبەری مووچە دابەش نەکرا. 

به‌پێى زانیاریه‌كانى ماڵپەڕی (سپی)، به‌پێى ئه‌و خشته‌یه‌ى پێشتر وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند بوو، بڕیار بوو ئەمڕۆ مووچەی (سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان و خانەنشینی پێشمەرگە) دابەش بكرێت، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌ له‌ به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كانى سنورى پارێزگاى سلێمانى‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى گه‌رمیان‌ و ڕاپه‌ڕین، پرۆسەی دابەشکردنەکە ڕاگیرا. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی ڕاپەڕین لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دژی دواکەوتنی مووچەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجام دا و داوای خەرجکردنی مووچەکانیان دەکەن. 

پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بە سستی بەڕێوەدەچێت و لە بەشێك لە شارەكان بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكان دابەشكردنەكە زیاتر دوادەكەوێت، کە ئەوەش نیگەرانی فەرمانبەرانی لێكەوتۆتەوە.


PM:12:23:26/04/2022