پۆلیسی هەولێر: کچێک لەلایەن باوەژنەكەیەوە سوتێندرا

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ لە لایەن زڕدایکەکەیەوە سوتێنراوە". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە" بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەشی پۆلیسی قەزای دەشتی ھەولێر بنکەی پۆلیسی کەسنەزان ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕوداوێکی سوتان، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕوداو دەرکەوت کەوا کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ بەناوی (ڕەیان مەحمود جەمیل) لەلایەن زڕدایکیەوە سوتێنراوە". 

ئەوەشی خستەڕووو، دوای وەرگرتنی وتەی تاوانلێکراو کە لەلایەن زڕدایکیەوە سوتێندراوەو  دەرکەوت کە ڕێژەی سوتانەکەی لە (٨٠%) لاشەی داگرتووە.

ئاشکراشیکردوە، دوای بەدواداچونێکی ورد توانرا تۆمەتباری ئافرەت بەناوی (م. ح. ح.) دەستگیر بکرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخرا بەپێی ماددە (٤٠٨) لە یاسای سزادان، لەکاتی ئێستادا بکوژەکە بەپێی هەمان ماددە بەندە.


AM:09:06:27/04/2022