بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی ڕێگایەکی سەرەکی سلێمانی داخرا

لەبەردەم تونێلی دەربەندیخان تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی گڕیگرت و لەئێستادا تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان، بەوهۆیەوە هاتوچۆی  نێوان دەربەندیخان وسلێمانی ڕاگیرا.

کارزان مەجید، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند،"نیوەڕۆی ئەمڕۆ تانکەرێکی سوتەمەنی لەبەردەم تونێلی دەربەندیخان گڕیگرت، بەهۆیەوە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەناوەوە و ژمارەیەکیش لەدەرەوەی تونێلەکە گڕیانگرتوە و هاتوچۆی لە شەقامەکە تەواو ڕاگیراوە.

وتیشی بەفەرمانی لیوا چەتۆ،"بریکاری وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان و سلێمانی و فڕۆکەوانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە".

هەر لەو بارەیەوە،  بەختیار عەبدولرەحمان قائیمقامی دەربەندیخان بە خەندانی راگەیاند،"ئاگرەکە لە تەشەنەسەندندایە، بەداخەوە نەمانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەین، بەهۆی زۆری ئاگری بەردەم تونێلەکە هیچ تیمێک ناتوانێت بچێتە ناو تونێلەکەوە، زیانی مادی زۆر هەیە تائێستا چەندین ئۆتۆمبێل سوتان، لە دیوی ناو تونێلەکەوە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل گیریان خواردوە، بەس ئەوەنەی بزانین تائێستا زیانی گیانی نەبووە.



PM:01:42:28/04/2022