وردەكاری دەستگیركردنی سێ كارمەندی نشینگەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە

ئاسایشی سلێمانی سێ كارمەندی بەشی (ڤی ئای پی) لە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی دەستگیركردوووە، نشینگەی سلێمانی رەتیدەكاتەوە چوونی هێزێكی ئاسایش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بۆ وەرگرتنی رێكار بووبێت لە بەرامبەر بەڕێوەبەرەكەیان، بەڵكو بۆ "دڵنیابوون بووە لە هەندێك رێكاری كەسانی بیانی".

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سلێمانی چوونەتە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی و سێ كارمەندی بەشی ڤی ئای پی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیان دەستگیركردووە، ئەو سێ كارمەندە كە لەو بەشەدا كار دەكەن تایبەتە بە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ بەرپرسان، هەر بەهۆی ئەو هێزەی ئاسایشەوە بۆ چەند ساتێك دەوام لەو بەڕێوەبەرایەتییە راگیراوە و دواتر دەستی پێكردۆتەوە.
ئەمشەویش بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی لەو بارەیەوە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە..

ئەمڕۆ 28ی نیسانی 2022 كاتژمێر (11) هێزێكی ئاسایش بۆ دڵنیابوون لە هەندێك ڕێكار و مامەڵەی كەسانی بیانی سەردانی ژووری هۆبەیەكی ناو بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی- یان كرد،پاشان بۆ دڵنیابوون لەو گومانانەی كە دروستبووە، هەندێك پشكنینیان كرد و پاشان بەڕێوەبەرایەتی نشینگەیان بەجێهێشت، كە دوور و نزیك ڕێكارەكان پەیوەندی بە بەڕێز بەڕێوەبەری نشینگەی سلێمانی-یەوە نەبوو.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی، بەپێی یاسا كارپێكراوەكان مامەڵەی كەسانی بیانی ڕایی دەكەین، بۆیە خۆمان بە پارێزەری یاسا دەزانین و ڕێگا نادەین هیچ ئەفسەر و كارمەندێك یاسا شكێنی بكات، ئامادەشین لە هەر شوێنێك گومانێك هەبێت ڕوونكردنەوە بە لایەنی پەیوەندیدار و دادگا بدەین، خۆ ئەگەر هەر ئەفسەر و كارمەندێك كارێكی نایاسایی بكات، ئەوا خۆمان ڕادەستی دادگای دەكەین.
لە كاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی، هەموو كات دەرگای كراوە بووە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران، بەڵام  بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان و وەرگرتنی زانیاری دروست، هەر زوو چەند دەزگایەك كەوتنە هۆنینەوەی ڕووداوەكە و بە ویستی خۆیان هەواڵەكەیان داڕشتەوە، كە بەداخەوە بۆ ئەمە كەوتنە هەڵەوە و ناوی بەڕێوەبەری نشینگەیان هێنا كە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەت كردن تەرخان كردووە و ڕابردووی شاهیدی پاكی و دڵسۆزییەتی، بۆیە ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو ماڵپەڕانە تۆمار بكەین، كە بوونەتە هۆی ناوزڕاندنی  بەڕێوەبەرایەتیمان و بەڕێوەبەرەكەی، كە هەموو كەس گەواهی سەركەوتوویی و لێهاتوویی بۆ دەدەن و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق كەسایەتییەكی دیارە.
لە كۆتاییدا، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی،بەڵێن دووپات دەكەینەوە وەك هەمیشە لە خزمەتی كەسانی بیانی و هاوڵاتیاندا بین،هەروەها پابەندی خۆمان بۆ پاراستنی یاسا و ڕێگری لە هەر سەر پێچیەك دووپات دەكەینەوە.


AM:01:25:29/04/2022