"داعش خۆی لە شاخێکی ناوچەی خانەقین حەشار داوە"

بەرپرسی لقی (١٥)ی خانەقین ڕایدەگەیەنێت" داعشەکانی سووریا گەیشتوونەتە ناوچەکە و ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدارانی داعش خۆیان لە شاخێکی ناوچەکە حەشار داوە". 

جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی (١٥)ی خانەقین، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین و گەرمیان و دیالە مەترسی زیاتریان پەیدا کردووە و تاکتیکی نوێ بەکار دێنن، بە تایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریاوە گەیشتوونەتە ناوچەکە، ئێستا داعش سێ ڕێگا بۆ کردەوەی تیرۆریستی بەکار دێنێت، ئەوانیش بریتین لە بەئامانجگرتنی جووتیاران و ڕفاندنی ھاووڵاتییانی ناوچەکە و بەکارھێنانی چەکی قەناسی پێشکەوتوو بۆ پێکانی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان و دانانەوەی بۆمب". 

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش خۆیان لە زنجیرە شاخێکی لای نەفتخانە حەشار داوە کە درێژی شاخەکە (٨٠) کیلۆمەتر دەبێت و ھیچ ھێزێکی پێشمەرگە و عێراقیش لەو سنوورە نییە، تەنیا ھێزی حەشدی شەعبی لەوێن کە ناتوانن بەرەنگاری داعش ببنەوە.

جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ناوچەیەکی بەرفراوان ھەیە لە دەوروبەری ئاوی حەمرین کە ھیچ ڕێگایەکی بۆ ناچێت و داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە بینیوە بۆ ئەوەی جووڵەی زیاتر بکات، پێشتر بەھۆی ھەبوونی پێشمەرگەوە تا ڕادەیەکی باش ڕێگە لە جووڵەی چەکدارانی داعش دەگیرا، بەڵام ئێستا عێراق نیازی نییە بچێتە ھەموو شوێنێک بۆ لەناوبردنی داعش و لە زۆر شوێن پەلاماری ھێزە عێراقییەکان دەدرێت و بەدوایدا ناچن.


PM:03:42:29/04/2022