باز كەریم بەرزنجی، سەرمایەدار و خاوەنی ئەو خانووەی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مووشەكباران كرا رایدەگەیەنێت "راپۆرتەكەی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق قسەی ئێمەی دووپاتكردەوە، كە لە سەرەتاوه وتمان بەهانەی هێرشەكە ناڕەوایە و پشتی بە زانیاری ناڕاست بەستووە".
شێخ باز لە تویتەری خۆی نووسیویەتی "هەموومان لەوە دڵنیاین كە هەڵەیەك كراوە و زانیاری ناڕاست هەیە، بۆیە سوپاسی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران دەكەم، كە كاریان لەسەر ئەو راپۆرتە كرد و راستییەكانیان ئاشكرا كردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "لەسەر بنەمای راسپاردەی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، رۆڵی خۆی بۆ بەرگریكردن لە سەروەری نیشتمان بگێڕێت و ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بكات، پێویستیشە حكومەتی عێراق هەموو رێگە دیپلۆماسی و یاساییەكان بگرێتەبەر بۆ وەرگرتنەوەی مافی ماددی مەعنەوییەكانمان".
شەوی 13ی ئاداری رابردوو سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران 12 مووشەكیان ئاڕاستەی شاری هەولێر كرد و خانووی شێخ باز كرایە ئامانج.