سەرۆکی هەرێم داوایەک لە یەکێتی و پارتی دەکات
"خۆتان له‌ په‌لامارى ميديايى و يه‌كترشكاندن بپارێزن"

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاریكارى و لێكگه‌یشتن". 

کەمێک پێش ئێستا بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو موسڵمانان له‌ كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیواى جه‌ژن و پشویه‌كى ئارام و ئاسوده‌ بۆ هه‌موان ده‌خوام". 

رونیشیکردوەتەوە، جه‌ژن له‌ كاتێكدا‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى پێویستى به‌ مانا و به‌هاكانى جه‌ژنه‌ له‌ لێبورده‌یى، ئاشته‌وایى، به‌خۆداچونه‌وه‌ و پێكهاتنه‌وه‌، بۆیه‌ با هه‌مومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاریكارى و لێكگه‌یشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كان تێپه‌ڕێنین و قۆناغێكى تازه‌ى پێكه‌وه‌یى ده‌ستپێبكه‌ین، ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتوى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین.

ئاماژەی بەوەشکردوە، له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ پێكه‌وه‌یى، ته‌بایى و یه‌كڕیزییه‌‌، بۆیه‌ داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندی باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌یه‌ به‌لاوه‌ بنێن، خۆیان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى میدیایى و یه‌كترشكاندن بپارێزن، پێكه‌وه‌، یه‌كڕیز و ته‌با، هاریكار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عیراقیش پێگه‌ و ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌بێت.


PM:08:01:01/05/2022