ئۆپراسیۆنەکانی عێراق لەبارەی شەڕی لەگەڵ یەبەشە لە شەنگال راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند " ئەوان بە توندی دەوەستنەوە دژی هێزەکانی یەبەشە لە شەنگال و چەندان بازگەی یەبەشەیان کۆنترۆڵکردووە کە رێگریان کردووە لە هاتوچۆی هاوڵاتیان"، هاوکات سوپای عێراق چەندان یەکەی زرێپۆشی رەوانەی ناوچەکە کردووە. یەبەشەش لە راگەیاندنی بەرپرسانیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بەرگری لە خۆیان دەکەن و ئەوان دژی سووپای عێراق نین.

فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق و شانەی ئەمنی لە دووەم رۆژی رووبەرووبوونەوە نوێکەی لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە لە شەنگال رایگەیاند" ناحیەی سنونێ سەر بە شەنگال لە شەوی رابردووەوەو ئەم بەیانییە رووداوی ئەمنی نەخوازراو بەخۆوەیەوە دەبینێت و بە پێویستمان زانی رای گشتی لێ ئاگاداربکەینەوە".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" کۆمەڵێک کە بە یەبەشە ناسراوە چەند رێگایەکیان لە ناحییەی شارەدێ سنونێ و خانەسور و ژمارەیەک کۆمەڵگا و گوندی نزیک گرتووەو رێگربوون لەبەردەم هاتوچۆی هاوڵاتیاندا".
    
لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە " بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکە سەربازییەکانی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا هەوڵی کردنەوەی ئەو رێگایەیان دا، بەڵام هێزەکانمان رووبەڕووی هێرشی چەکی قەناس و هەموو جۆرە چەکێکی تر و دانانی مین بوونەوە".   

هەروەها شانەی ئەمنی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سووپای عێراق رێگایان بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان کردۆتەوە، دوو چەکداری یەبەشەش کوژراون.
هەر لەو شەڕەدا میدیاکانی ئەو دەڤەرە بڵاویدەکەنەوە کە سەربازێکی عێراقیش کوژراوە.

لەلایەکی ترەوە خەبات عەرەب فەرماندەی مەیدانی یەبەشە بە میدیاکانی نزیک پەکەکەی راگەیاندووە " ئێمە هیچ کاتێک نامانەوێت شەڕ لەدژی سوپای عێراق بکەین. شەڕمان لەدژی ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێت ئارامی هەرێمەکە تێکبدەن. پێشتریش لەپێنار پاراستندا بە سەدان شەهیدمان داوە. بەرخۆدانمان کرد و ئەم هەرێمەمان رزگار کردووە."

 خەبات عەرەب ئاماژەی بەوەش داوە" ئێمە وەک هێز، پاراستنی هەبوون و شکۆی خۆمان دەکەین. بۆ ئەوەی یەکێتی گەلان لە هەرێمەکە بەهێز بکەین، تیدەکۆشین. بەڵام ئەم شەڕە ناحەقە و ئێمە مافی رەوای خۆمان بەکاردەهێنین. هیچ هێزێکی سەربازی قبوڵی ناکات کە هێرش لەبەرانبەری ئەنجام بدرێت و بێدەنگ بێت. ئێمەش بە حکومەتی عێراق دەڵێین کە ئەم شەڕە خزمەتی هیچ لایەک ناکات. دیسان کۆچبەری لە هەرێمەکە دەستپێدەکات. ئەم هەرێمە کە بە خوێنی شەهیدان رزگارکراوەن، هیچ کاتێک لەبیرناکرێت."

ئەو فەرماندەیەی یەبەشە بانگەوازی لە حکومەتی عێراق کرد و رایگەیاند کە ئەمڕۆ لە هەموو عێراق داعش هەیە  و هەموو رۆژێک هێرش دەکات. ئاماژەی بە پشتپەردەی هێرشەکان کرد و وتی، " ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێت."
لە ئێستادا کۆمەڵێک کەسایەتی ناوچەکە کەوتوونەتە نێوان هەردوولاوە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک.





PM:07:21:02/05/2022