شەپۆلێكی باران بارین و كەشێكی زستانە ڕوو لە هەرێم دەكات

کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات، سبەینێ بارستە هەوایەكی سارد و شێدار ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و كاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەش لە رۆژی شەممەوە زیاتر دەبێت. 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی دەستپێکردنی کاریگەری بارستە ھەوای سارد و تا رادەیەک شێداری دەریای ناوەراست لەسەر کەشی ناوچەکانمان سبەی ھەینی ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور و ناڕون ئەبێت لە کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە لە ھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری چربوونەوەی ھەورە بروسکە ئەبێت لەگەڵ تاو تاو بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ بەرێژەی ٢ تا ١٥ ملیمەتر لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمدا ئەگەری بارانبارین لاواز و چاوەروان نەکراو ئەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢ پلەی سیلیزی دیکە نزمدەبنەوە و بەم شێوەیە ئەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی ٢٤ بە ١٤ ، ھەولێر ٢٦ بە ١٧ پلە ، دھۆک ٢٣ بە ١٦ پلە ، ھەڵەبجە ٢٨ بە ١٦ پلە ، کەرکوک ٢٨ بە ٢٠ پلە ) لەناوچەکانی گەرمیان ٣٣ بە ٢١ پلە ئەبێت ، لە سنوری ئیدارەی راپەرین ٢٤ بە ١٦ پلە ئەبێت ، لە سنوری ئیدارەی سۆران ٢٣ بە ١٤ پلە ئەبێت ، خێرای با کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە چالاک ئەبێت ٢٥ - ٤٥ کم/س لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی شەممە کاریگەری بارستە ھەوا ساردەکە زیاتر ئەبێت و کەشێکی سارد و زستانەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و لە تەواوی ناوچەکەشدا کەش فێنک ئەبێت لەگەڵ بارینی باران.


PM:06:54:05/05/2022