سبەینێ كارەبای نیشتمانی ٢٤ كاتژمێری دابین دەكرێت

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی  ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بڕیارە سبەینێ دووشەممە  وەزارەتی كارەبا وزەی كارەبا بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر دابین بكات بۆ هەموو ناوچەكان وەك تاقیكردنەوە بۆ دیاریكردنی بەركەوتەی پارێزگاكان لە ووزەی كارەبا لە ڕێگای ئەم تاقیكردنەوەیەوە ڕێژەی پێدانی كارەبای پارێزگاكان دیاری دەكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئێمە لە لیژنەی پیشەسازی و ووزە ئەم كاتە بەگونجاو نازانین بۆ ئەو تاقیكردنەوەیە، چونكە لەم كاتەدا لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەكارهێنانی كارەبا ڕێژەكەی كەمەو هاوڵاتیان زۆر كارەبا بەكارناهێنن لە چاو وەرزی زستان و هاوین".   

كەریم عەلی وتویەتی "لە ساڵانی ڕابردووشدا بەهۆی ئەم جۆرە تاقیكردنەوانەوە  ڕێژەی كارەبای پێویست نەدراوە بەم سنوورە ڕێژەكەی بەو شێوازە بووە، پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین نزیكە ٣٤ ٪ بووە بەڵام ڕێژەی كارەبای پشكی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك نزیكەی ٦٦٪ بووە".   

  




AM:12:05:15/05/2022