ئەمەریكا باڵیۆزخانەی لە كیێڤ دەكاتەوە


حكومەتی ئەمەریكا بڕیاریداوە بە كردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە شاری كیێڤی پایتەخی ئۆكرانیا.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بەهۆی هاوكارییە ئەمنییەكانمانەوە، گەلی ئۆكرانیا بەرگری لە خاكەكەیان دەكەن و رووبەڕووی هێرشی ناماقووڵی رووسیا بوونەتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا، ئەمەریكا جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ كیێڤ".

هاوكات درەنگانی شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بە كۆی دەنگ بڕیاری دا، دیپلۆماتكار بریدجت برینك، وەك باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە ئۆكرانیا دەستنیشان بكات.

رۆژی 24ی شوبات، سوپای رووسیا لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی بۆ سەر ئۆكرانیا دەستپێكرد و بەر لە دەستپێكی شەڕەكەش، ئەمەریكا هۆشداری دایە وڵاتانی ئەوروپا و باڵیۆزخانەی خۆی لە كیێڤ داخست و ئەمەش ئۆكرانییەكانی لە پشتیوانی ئەمەریكا بێ ئومێد كرد و بەو هۆیەوە رەخنەیان لە سیاسەتی یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا گرت.



PM:12:01:19/05/2022