شارەوانی سلێمانی روونكردنەوە لەسەر "خاویی" كۆكردنەوەی سەگی بێلانە دەدات


شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دوای دابینكردنی شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی ئاژەڵی بێلانە لەنێویشیاندا سەگی بێلانە، لەئێستادا چاوەڕێی دابینكردنی ستاف و پێداویستییەكانیانن بۆ كۆكردنەوەی ئەو ئاژەڵ و سەگانە.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاندووە، وەك ئەركی سەرەكیان بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی، زەوییەكیان بە ڕووبەری پێنج دۆنم لە نزیك بازگەی عەربەت بۆ ئاژەڵ و سەگی بێلانە دابینكردوە بۆ دوورخستنەوەیان لەناو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "دوای تەواوبونی پەناگەكە لە ڕێكەوتی 10ی 1ی 2022 كار كرا بۆ وەرگرتنی سەگی بێلانە، هەروەها نزیكەی (٢٠) كارمەندو (٣) ئۆتۆمبێل لەلایەن سەرۆكایەتیمانەوە بۆ دابینكراوە، لە ئێستادا لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ گرنگیدان بەم بابەتە، كە نوسراومان كردوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەمەبەستی دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت، وەك لە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیدا ئاماژەی پێدراوە، هەروەها بە هۆبەكردنی ئەو پەناگەیە تا بتوانرێت گرنگیی زیاتری پێبدرێت، كە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ كاریگەری زۆری هەیە".   

شارەوانی سلێمانی وتویەتی "دواتر ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی، لە كۆبونەوەی ڕۆژی ٢٠٢٢/٣/١٧، بە بڕیاری  ژمارە (٣٨)، بڕیاریان لەسەر پەناگەكە دەركرد بەمشێوەیەی خوارەوە: پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بەپێی ماددەی (٢٧) بڕگەی ١ بەندی/ ز، لەیاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان ژمارە(٦) ساڵی ١٩٩٣ هەمواركراو، بڕیاردرا بە":  

یەكەم: دابینكردنی پارچە زەوییەك بۆ پەناگەی ئاژەڵی بێلانە.  

دوەم: پەناگەكە لەڕووی كارگێڕی و ژمێریارییەوە، سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەبێت، بە هاوكاری هەموو لایەنە فەرمی و نیمچە فەرمی و نافەرمییەكان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ شارەوانیدا، كار لە پەناگەكەدا دەكەن.  

سێیەم: شارەوانی سلێمانی، بەپێی ماددەی (٢٧ بڕگەی ٢)، لەیاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، ژمارە (٦) ساڵی ١٩٩٣ هەمواركراو، بەرپرسە لە دابینكردنی پشتیوانیی دارایی لە بودجەی شارەوانی، بۆ بەگەڕخستنی پەناگەكە، بەپێی ماددەی (٤) لە یاسای داهاتی شارەوانییەكان ژمارە (١٣٠) ساڵی ١٩٦٣، سود لە بەخشین و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەسایەتیی و ڕێكخراوەكان وەردەگرێت.  

چوارەم: سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بەرپرسە لە گرتنی ئاژەڵە بێلانەكان، جگە لە سەگی بێلانە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ”بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، چونكە بەپێی  ماددەی (٤) لە یاسای قەڵاچۆكردنی ”سەگە بێلانەكان” ژمارە(٤٨ ساڵی ١٩٨٦)، ئەركی گرتنی سەگە بێلانەكان، لە ئەستۆی ”بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدایە”، هەروەها بەپێی ماددەی (٣) لە یاسای قەدەغەكردنی سەگە بێلانەكان، ژمارە (٤٨ ساڵی ١٩٨٦)، ئەگەر سەگی بێلانە بۆ شارەوانی ڕەوانەكرا، ئەوا لەگەڵ ئاژەڵە بێلانەكانی تردا، لە پەناگەی ناوبراودا كۆدە‌كرێنەوە. لەدوای دەركردنی بڕیاری وەرگرتنی ”سەگی بێلانە” هەڵمەتەكەمان دەستپێكردوە، بەڵام لە ئێستادا  بەخاوی دەڕوات، بە هۆكاری نەبوونی پێداویستی و ستافی پێویست و بودجەی تایبەت، وە چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتین، تایبەت بەدابینكردنی ئەم پێداویستییانە.  

  



PM:09:06:24/05/2022