عەلی حەمەساڵح: رێككەوتن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن كراوە


عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنێت، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكاندا رێككەوتن كراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایگەیاندووە "ئەمڕۆ پارتی، یەكێتی و سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ڕێككەوتون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، بەپێی ڕێككەوتنەكەش تاوەكو تەوافق نەكرێت لە نێوان لایەنەكان یاسای هەڵبژاردن هەموار ناكرێتەوە، تاوەكو یاسای هەڵبژاردنیش هەموارنەكرێتەوە بە تەوافق كۆمسیۆن متمانەی پێنادرێتەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا وادەی یاسایی تەواو بووە و تاوەكو متمانەمان پێنەدرێتەوە هیچ ئامادەكاریەك بۆ هەڵبژاردن ناكەین، هەروەها بۆ یاسای هەڵبژاردنیش داوا دەكرێت كوردستان بكرێتە چوار بازنە، كۆتاكان دابەش بكرێت و میكانیزمێكی گونجاو دابنرێت بەجۆرێك نەبنە موڵكی هیچ حیزبێك و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، ئایا هیچ ئاسۆیەك هەیە بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئەمە، لە ئێستادا نیە".

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "گریمان لە سێ مانگی ئایندەدا دەكرێت، دوای ئەوە بۆ ئەوەی كۆمسیۆن هەم تۆمارەكە و هەم ڕێوشوێنەكانی تر بگرێتە بەر نزیكەی (9 مانگی)  دەوێ،  كەواتە بەدڵنیایەوە هەڵبژاردن لەمساڵدا ناكەن و هەموشیان لەسەری ڕێككەوتون".




PM:10:22:25/05/2022