ئامانجە درێژخایەنەکانی داعش چین؟

چارڵز لیستر - پسپۆڕ لە ناوەندی برۆکینگزی دەوحە
بۆ کوردی: رەزا مەنوچەهری

لە کاتی داگیرکردنی موسڵ لە (١٠)ی مانگی شەشدا لە لایەن گروپێک، کە بە دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) ناسراوە، تا ئێستا کەم و زۆر درێژە بە پێشڕەوییەکەیان بەرەو بەغدا دەدەن. لەسەر رێگای پێشڕەویکردن بەرەو بەغدا چەندان شار و بنکەی سەربازییان کۆنتڕۆڵکردوە. ئەوەش وایکردوە لە ئێستادا پرسیارێک بێتە پێشەوە، باشە ئامانجە درێژخایەنەکەی داعش چییە؟
داعش یەکێک لە دەوڵەمەندترین گروپە شەڕەکەرەکانی جیهانە و کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی گەورەی لە ئەلباب لە رۆژهەڵاتی حەڵەبی سوریا تاوەکو سڵێمان بەگ، کە دەکەوێتە (٦٧٠) کیلۆمەتریی پارێزگای سەڵاحەدینی عێراق لە ژێردەستدایە. بە راشکاوانەش رایگەیاندوە ئامانجی دروستکردنی حکومەتێکی ئیسلامییە.
 لە ئێستادا داعش دەیەوێت جموجوڵە چەکدارییەکەی بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە و بەدەستهێنانی سەروەت و سامان درێژە پێ بدات. بەڵام کێشە گرنگەکە ئەوەیە، کە داعش تەنها یاریچیی ئەو جەنگە لە دژی حکومەتەکەی نوری مالکی نییە، چونکە سەرباری هەندێک پێکدادانی پرژوبڵاو، "هاوپەیمانییەکی بەرژەوەندیخوازانە" لەگەڵ گروپە ئیسلامییەکان و سۆفییەکان، بەعسییەکان و خێڵەکاندا  دروستبووە، کە ئامانجیان کۆتایهێنانە بە رەوایبوونی حکومەتەکەی نوری مالکیی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەردەوامیی ئەو هاوپەیمانییە لەرزۆکە چارەنووسی رۆڵی داعش لە کێشمەکێشکدا یەکلایی دەکاتەوە، کە لە راستیدا بووە بە راپەڕینی سونەکانی عێراق.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی خەڵکدا و پێکهێنانی جۆرێک لە حکومەتی رەهای بێ ئەملاو و ئەولا، داعش دەتوانێت وێنای حکومەتێکی تازە دروستکراوی سێبەر لە عێراق، لە خۆی نیشان بدات. بێگومان داعش کار بۆ فراوانکردنی بەرەو سوریا دەکات. لە ئێستادا زۆرێک لە بەشەکانی شاری رەقای داگیرکردوە, ئەو شارە لە ئێستادا "دڵی" گروپی داعشە.
داعش گروپێکی تەوحیدی جیهادییە، کە بیرۆکراسی و لێپرسینەوەیەکی ڕاڕایانەی ناوەندیی هەیە. بەڵام لە شوێنی خۆیدا خاوەنی رێکخستنێکی سیاسی چەکدارییە.
ئەگەر سیاسییەکان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا جیاوازی لە نێوان داعشی سوریا و داعشی عێراقدا لەبەرچاو بگرن، ئەوە دەکرێت بە ساویلکانە سەیرکردن و نیگەرانکەر لێکبدرێتەوە.
هاتوچۆی گروپە شەڕکەرەکان لە سنورەوە (سنوری عێراق - سوریا)، کە دەکرێت بەوترێت بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژێر پارێزگاری و گەرەنتیی تەواودایە. هەروەها پەلامارە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق و سوریا لە خاکی یەکتردا، لە دوو مانگی رابردودا بە شێوەیەکی کرداری هێڵی سنوریی نێوان ئەو دوو وڵاتەی سڕیوەتەوە.

تۆکمەکردنی کۆنتڕۆڵیان بەسەر شارە داگیرکراوەکاندا
یەکەمین ئامانجی داعش تۆکمەکردنی کۆنتڕۆڵیەتی بەسەر ئەو شارانەوە، کە لەمدیو و ئەودیوی سنورەکەدا خستونیەتییە ژێر دەستی خۆی.
هێرشەکانی ئەمدواییەی داعش لە دەوروبەری شاری ئەبوکەمال لە سوریا و پەیوەستبوونی ئەندامە گرنگەکانی بەرەی نوسرە بۆ ناو ریزەکانی داعش لەو شارەدا، رێک هەمان ستراتیژیای مەبەستداری ئەو گروپەیە بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگی زیاتر، تاوەکو لەو رێگەیەوە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بایەخی گروپە شەڕکەرە رکابەرەکانی دیکە لە ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکاندا.
داعش ئەزموونی لە پەلامارەکانی خۆی لە ساڵی (٢٠١٣) لە عێراقدا وەرگرتوە، کە بووە هۆی گوشارێک زۆر بۆ سەر گروپەکە.
داعش لە عێراقدا لە بریی پەلامارێکی خێرا بۆ سەر بەغدا بە گرتنەبەری سەبر خاڵە لاوازەکانی حکومەتی عێراقی کردوەتە ئامانج، تاوەکو بتوانێت چەندان ناوچە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و ئەو ناوچانە ئامادە بکات بۆ پەلامارێکی هەمە لایەنە بۆ سەر بەغدای پایتەخت.
داعش لە سوریا کار بۆ تۆکمەکردنی پێگەی خۆی لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی باکووری رۆژهەڵات لە رووی داراییەوە دەکات. مەبەستیشی ئەوەیە جارێکیتر دێرولزور و حەسەکە لە نزیک هێڵی سنوری عێراق بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.
پێدەچێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای حەڵەب، ئیدلیب، باکوری حەما و لازقییە کارێک بێت، کە پێشی پێ نەگیرێت.
داعش تینوی ناجێگیری و ناسەقامگیرییە و بە بەردەوامیش هەوڵ بۆ دروستکردنی ناجێگیری و ناسەقامیگری دەدات، بەڵام هاوکات بە شێوازی جۆراجۆریش گرنگی بە ئیدارەدانی کاروبارەکان دەدات.
تەنها چەند کاتژمێر پاش داگیرکردنی موسڵ داعش بەرنامەی سیاسی خۆی لە سەر بنەمای مۆدێلە کارپێکراوەکەی شاری رەقا و ناوچەکانی دیکەی سوریا، لە ناو خەڵکدا بڵاوکردەوە.
داعش جگە لە جێبەجێکردنی یاسا قورس و توندڕەوەکانی لەبارەی ئایین و پۆشاکی ژنان و پێشگرتن لە مادەی هۆشبەر و خواردنەوە گازییەکان و جگەرە هەندێک بەرنامەشیان بۆ کار لە بواری بازرگانی و باج و کۆمپانیاکانی گواستنەوەدا هەیە.
لە ئێستادا خاڵی گرنگ ئەوەیە داعش دەستی گەیشتوەتە سەرچاوەی دارایی پێویست و خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو لە هاوکارییە داراییە دەرەکییەکان داماڵیوە.

بەرزبوونەوەی مەترسییەکە، هەڕەشەیە بۆ وڵاتە دراوسێکانی عێراق
ئەگەری ئەوە هەیە داعش لە چەند مانگی داهاتودا ئامانجەکانی خۆی لە زۆر ناوچەی دیکەدا بچەسپێنێت، ئەوەش بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو مەترسییە، کە هەڕەشەیە بۆ وڵاتە دراوسێکانی عێراق.
داعش لە عێراقدا ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی تاوەکو سنووری ئەردەن فراوانکردوە. دانیشتوانی ئەو ناوچانەش لە خێڵەکانی دژ بە مالکین.
ئەردەنیش لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی داعش، لە هێڵی سنووریی خۆی لەگەڵ عێراقدا رێوشوێنی ئەمنیی زیاد کردوە.
لە ناخۆی ئەردەندا پشتیوانی لە داعش لە شاری معان لە باشوری ئەو وڵاتە رووی لە زیادبوون کردوە. ئەگەری ئەوەش هەیە لە ناوچەکانی دیکەدا داعش پشتیوانیی شاراوە و نوستوی هەبێت.
داعش لەم قۆناغەدا نیازی هێرشکردنە سەر ئەردەنی نییە، بەڵام جموجوڵ  و کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەردەن لە هێڵی سنوری هاوبەشی نێوان عێراق و ئەردەن، کە درێژاییەکەی (١٧٧) کیلۆمەترە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە.
بەشێوەیەکی بنەڕەتی وا نایەتە بەرچاو، کە داعش بیەوێت ئامادەبوونێکی بەرفراوانی لە ئەردەندا هەبێت، بەڵام دەکرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت، کە داعش هەندێک کردەی سەربایی پرژوبڵاو ئەنجام بدات لە پێناو کۆکردنەوەی پشتیوانیی زیاتر لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
هەروەها داعش هەوڵ دەدات لە سعودیە و لوبناندا کۆمەڵێک پشتیوان بۆ خۆی دەست بخات.
لەتورکیاش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە لەمدواییانەدا حکومەتی ئەنقەرە لە رێگەی داخستنی ئەو خاڵە سنووریە(١)، کە لە باکووری سوریادایە بوو بێتە هۆی سەرگەردانی دەیان و بگرە سەدان کەس، کە پێدەچێت مەبەستیان چوونە ناو ریزەکانی داعش بێت و ئەو بابەبەتش بواری دیکە بۆ ناسەقامگیری لە هێڵە سنووریەکانی تورکیادا دروست دەکات.

داعش و قاعیدە
بەهۆی قەیران دروستکردن بۆ رەوایی قاعیدە، توڕی قاعیدە داعشی لە خۆی دابڕاندوە.
لەمڕۆدا داعش خۆی بە گروپێکی جیهادیی پێشڕەو لە جیهاندا دەناسێنێت. بەهۆی پێشڕەوییە سەربازییە بەرچاوەکان و سامانی زۆر و تۆڕی میدیایی کاریگەر، ریگاکانی دەست گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەکانی خۆی تەخت دەکات.
هەمو رۆژێک شەڕکەری نوێ دەچنە ریزی ئەو گروپە. زۆربەی شەڕکەرەکانیش لە وڵاتانی رۆژئاواوە هاتوون.
داعش، کە قاعیدەی رووبەڕووی قەیران کردوەتەوە لە ئێستادا و لەم قۆناغە هەستیارەدا دەیەوێت لەپێشدابوونی خۆی بسەلمێنێت.
لەم هەلومەرجەشدا فراوانبوونی کردەسەربازییەکانی داعش بۆ ناچەکانی دیکە لە هەر کاتێکی دیکە لەبارترە.

پەرواێز:
 ١ – داخستنی سنوور لە لایەن تورکیاوە بە ڕووی داعشدا تەنها دەنگۆیەکە، چونکە لە ئێستادا داعشەکان لەسنورەکانی تورکیاوە بۆ جەنگی کانتۆنی کوبانی پۆل پۆل دەگوێزرێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. بریندارەکانی داعشیش لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر دەکرێن. تورکیا بە هۆی رێگەدان و مانەوە و پەڕینەوەی جیهادییەکان و قاعیدە و داعش و بەرەی نوسرە لە رێگەی فرۆکەخانە و ئوتێلە راقییەکان و تێپەڕینیان لە سنورەوە بەرەو سوریا رەخنەی زۆری لە لایەن هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیەوە لێگیرا. لەبەر ئەوەش حکومەتی ئەنقەرە دەنگۆی لەو شێوەیە بڵاو دەکاتەوە. پێشتر حکومەتی تورکیا بەرەی نووسرەی خستبوە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام هەر دوای گرتنی موسڵ لە لایەن داعشەوە بەرەی نوسرە لە لیستی تیرۆری تورکیا دەرهێنرا. ئەگەری ئەوەش هەیە تورکیا گوشارەکان بۆ سەر داعش زیادکردبێت، چونکە ژمارەیەک دیپلۆمات و فەرمانبەری کۆنسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ لە لایەن داعشەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون.
  
 سەرچاوە:
http://www.bbc.co.uk/persian/world/2014/06/140628_l24_isis_next_move.shtml

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٦ی گۆڤاری سپی میدیا بڵاوکراوەتەوە



PM:12:58:31/07/2014