بەڕێوەبەری
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاگاداریەکی بڵاوکردەوە کە شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە
لە ناو منداڵاندابڵاو بووەتەوە و ڕێنمای دەداتە دایکان و باوکان.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی
ئایار، د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمالی منداڵان رایگەیاند "
لە ئێستادا شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە ٤٠٪
نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن، باسی لەوەشکرد، هەموو ساڵێک لەگەڵ
هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی
کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ
هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا و گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە
گەرمیەدا لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی
سکچوون و ڕشانەوە".
ئەو پزیشکە دەشڵێت "
هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە چونکە
چارەسەرەکانیشیان جیاوازن، هەروەها لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان
پاراسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان
ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت".
د.عەبدوڵا رێنمایی دەداتە دایکان و باوکان بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون
بە سکچوون و رشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:
١-هەموو ئاوێک بکوڵێنە دواتر ساردی بکەرەو بۆ
خواردنەوە بەکاریبهێنە.
٢-خواردن لەناو بەفرگر هەڵبگرە.
٣-سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
٤-زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای
تەوالێت کردن.
٥-پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
٦-بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی
یەکتر.
٧-دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت
ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
٨-باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.