لیژنەیەك بۆ گرفتی نەبوونی پارە لەبانكەكان، سەردانی سلێمانی دەكات


لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان هەفتەی داهاتوو سەردانی سلێمانی دەكات و بەدواداچوون بۆ گرفتی نەبوونی پارە لە بانكەكان و دروستبوونی گرفت بۆ دابەشكردنی موچە دەكات.  

لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، دوێنێ و ئەمڕۆ لیژنەی دەستپاكی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاریی كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكە كۆبووەوە و بە وردی لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و چۆنیەتیی دابەشكردنی بەسەر پارێزگاكاندا بۆ مووچە و خەرجییەكانی كۆڵییەوە.  

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بریارە هەفتەی داهاتووش شاندێكی لیژنەكە بۆ ھەمان مەبەست سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات و هەروەها بەدواداچوون بۆ گرفتی نەبوونی پارە لە بانكەكان و دروستبوونی گرفت بۆ دابەشكردنی مووچە و خەرجی لە داهاتە بەردەستەكاندا بكات.  

لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كێشە بۆ دابەشكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا دروست دەبوو.



PM:07:36:31/05/2022