دادنوسێک دوای چەند کاتژمێرێک لە ئازادکردنی دووبارە دەستگیرکرایەوە

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت" دادنوسێک ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام پارەی کەفالەتەکەی نەداوە و دووبارە دەستگیرکرایەوە".   

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە سنوری قەزای پشدەر (قەڵادزێ) کە پیشەی دادنوسە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن کەسێکی نزیکی خۆی سکاڵای لەسەر تۆمار کرابوو، دواتر لە دادگای لێکۆڵینەوەی قەڵادزێ بەپێی مادەی (٤٣٢) لە یاسای سزادانی عیراقی تۆمەتبار کرابوو، ئەمڕۆ لەبەردەمی دادگا ئامادەبوو". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش ئەوەی وتەکانی لەلایەن دادوەر پەسەند کرا، بە بڕیاری دادوەر بەکەفالەتی دارایی ئازادکرا، ناوبراو ئامادە نەبوو کەفالەتە داراییەکە دابین بکات، دواتر بەبێ پرس لە دادگا ڕۆیشت.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش دادوەری لێکۆڵینەوەی لێ ئاگادار کرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بە ڕاگرتنی تۆمەتبار بەپێی هەمان مادەی سەرەوە. 

پۆلیسی ڕاپەڕین دەشڵێت" بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ ئەوەی تۆمەتبار ڕاگیر بکرێت، تۆمەتبار دوای ئەوەی بێ پرس دادگای جێ هێشت بوو دەرکەوت لە شوێنی کارەکەی خۆی بوو، بۆیە لەلایەن پۆلیس بەڕاگیراوی لە شوێنی کارەکەی خۆی گەیەندرایە بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕین، ئێستا تۆمەتبار بەپێی هەمان مادە ڕاگیراوە".  


AM:12:00:03/06/2022