"دین ناشرین دەبێت کە مامۆستای ئاینی لە فەلەکی سیاسەتی حزبێکی عەلمانیدا بخولێتەوە"

 دوای ئەوەی ئەمڕۆ، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی باسی لە جیاكردنەوەی ئاین لە سیاسەت كرد، وتەبێژی كۆمەڵ ڕایدەگەیەنێت، کاتێک دین ناشرین دەبێت، کە مامۆستای ئاینی لە فەلەکی سیاسەتی حزبێکی عەلمانیدا بخولێتەوە.

 

هەر ئەمڕۆ شەممە ٤ی حوزەیران، محەمەد حەكیم، وتەبێژى كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، زۆر جاری دیكە ڕامانگەیاندووە، كە ئێمە سیاسەتی ڕاست و دروست و دوور لە فرت و فێڵ و درۆ، بە بەشێکی دینداری دەزانین، بەداخەوە، کاتێک دین ناشرین دەبێت کە مامۆستای ئاینی لە فەلەکی سیاسەتی حزبێکی عەلمانیدا بخولێتەوە، وتیشی "کاتێک دین ناشرین دەبێت، مامۆستای ئاینی چاوەڕێی ڕێنمایی ئۆرگانی حزبی عەلمانی بێت و مامۆستای ئاینی ستەم و گەندەڵی دەسەڵاتداران جوان بکات".

 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، کەمێك پابەندیی ئاینی و ڕەوشتی ناو میللەت، ئیسلامیەکان ھێشتویانەتەوە و ئەو ھەموو کەناڵ و ڕێکخراو و بانگخوازانەیان خستۆتە خزمەتی خەڵکی ئەم كۆمەڵگەیە، دەبوو سوپاس بکرێن نەک تانەیان لێبدرێت.

 

ئەمەش دوای ئەوەدێت، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت "نابێ دین تێكەڵی سیاسەت بكرێت و دین بە سیاسەەت ناشرین نەكرێت".

 

 



PM:12:52:04/06/2022