وەزارەتی بازرگانی هەرێم: پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" كۆتایی ئەم هەفتەیە بڕی دوو ملیار دیناری پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران خەرج دەكرێت". 

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند" بڕی دوو ملیار دیناری پارەی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران نێردراوە و بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی بكرێت، ئێمە دواتر بە فەرمی جووتیاران لە كاتی دابەشكردنی پارەكە ئاگادار دەكەینەوە''.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ڕێكارەكانی دابەشكردنی تەواو بێت، بەتایبەت ئەو ڕێكارانەی پەیوەندییان بە بەغدا و لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراقەوە هەیە، ئەوە پارەكە دابەش دەكرێت. 

وتیشی" ئەو دوو ملیار دینارە، پارەی ئەو جووتیارانەیە كە لە هەفتەی ڕابردووەوە گەنمی خۆیان ڕادەستی سایلۆكان كردووە". 


PM:04:33:05/06/2022