گۆڕان هۆشداری لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات


بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری دەدات لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەڵێت "دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو چەقبەستویی دەبات".

‎یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنێك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان دەزگای هەڵبژاردنەكانی لایەنەكان بكرێت، بەڵام لەبەر هۆكاری تەكنیكی بۆ كاتێكی دیكە دواخرا، ئەوان دەستپێشخەرییان هەبوە و پێیان خۆشبووە لایەنەكان هەوڵی لێكتێگەیشتن بدەن كە لە خزمەتی چارەسەر بێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو هەوڵانەی بۆ نزیكبونەوەی نێوان لایەنەكان هەیە هیوادارین بگاتە ئەنجام، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە یاسایانە رەهەندی نیشتمانیان هەیە و پێویستیان بەسازانی نیشتمانی هەیە، تاوەكو هەڵبژاردنێكی پاك لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

یاسین حەمەعەلی هۆشداری لەدواخستنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا داوە و وتویەتی "دواخستنی هەڵبژاردن بەرەو باردۆخی چەقبەستویمان دەبات، هیوادارین هەمو لایەنەكان لە پێناو هاونیشتمانیان بڕیار بدەین".

بڕیارە رۆژی 1ی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا لایەنەكان لەسەر چەند بڕگەیەكی سەرەكی هەڵبژاردنی رێككەوتنیان نەكردووە.



PM:08:27:06/06/2022