یەكێتی بە دوو مەرج لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە


یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە مەرجی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی یەكێتییەوە دەست (سپی) كەوتووە، ئەم هەفتەیە راپۆرتی تایبەت بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە مەكتەبی سیاسی گەیشتووە و ئێستا لە تاوتوێكردنیدان.

ئەو سەرچاوەیە وتی "بەپێی ئەو راپۆرتە بێت كەموكوڕی زۆر لە تۆماری دەنگدەران هەیە و دەبێت پاكبكرێتەوە و ئەو پڕۆسەیەش ئاسان نییە و كاتی زۆری دەوێت، هەروەها دەبێت یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە".

سەرچاوەكە روونیكردەوە، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان رازییە كوردستان بكرێتە چوار بازنە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام لای ئەوان، ئەو مەرجەش زۆر گرنگ نییە، بەڵكو هەمواری یاساكە و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران گرنگترە، بۆیە ئەگەر ئەو دوو مەرجە جێبەجێ بكرێت وەك یەكێتی لارییان نییە لە دواخستنی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی ساڵێك.

ئەوە لە کاتێکدایە کە یەکێتی تۆمەتبار دەکرێت کە بەهۆی خراپی باری رێکخراوەییەوە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندایە و گۆڕانیش دۆخ و هەڵوێستی لە یەکێتی باشتر نییە.

بڕیارە رۆژی 1ی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بەڵام تائێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هیچ ئامادەكارییەكی بۆ ئەو مەبەستە نەكردوە.



PM:08:29:08/06/2022