گەنمی نوێ بۆ جوتیارانی هەرێم دابین دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، باسی لەوەکرد، سێ جۆر گەنمى نوێ بۆ جووتیاران دابینکراوه‌، کە بەرگەى وشەکەساڵى و گەرما دەگرن.

ئەمڕۆ ١٠ی حوزەیران هەینی، توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر ئاشكرای كرد، هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی جیاوازیان هەبووە، لە چوارچێوەی دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ لە بەشی بەروبوومی رووەکی چەند ساڵێکە خەریکی دروستکردنی تەرزی نوێن، بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە و وشکەساڵی.

 باسی ئەوەشکراوە، لەکاتی وشکەساڵیدا توانیویانە ٣ جۆر گەنمی نوێ دابین بکەن و  ئێستا لە قۆناغی زیاد کردنن، بۆ ساڵی داهاتووش دەکەوێتە دەستی جووتیارەکان و دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، باسی ئەوەشیکرد، گەنمە نوێکە توانایەکی زۆر باشی هەیە و بەرگری وشکەساڵی و ئافاتە کشتوکاڵییەکان دەگرێت، هەروەها جگە لەوەش هەردوو رێکخراوی نێودەوڵەتی (سمید - ئیکاردا) ساڵانە داوای سێتاتی بەروبوومی دانەوێڵە هاوکاریان دەکەن.



PM:08:11:10/06/2022