وەزارەتی کارەبا: ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ تۆری کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەھۆی ئەنجامدانی چاکسازی لە وێستگەکانی کارەبا لە ھەولێر تا مانگی داھاتوو ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ تۆری کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت".

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد، ساڵانە ئێمە تێستێک ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بزانین خواستی ھەر شارێک بۆ کارەبا چەندە و بەپێی خواستیان کارەبا بۆ دابین بکرێت و ئێمە ساڵانەش ئەو تێستە ئەنجامدەدەین و دەبێتە بەرچاو ڕوونیەک بۆ ئێمە، بۆیە ئەو تێستە بۆ ئێمە گرنگە، کە بزانین خواستی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان چەندە.

باسی ئەوەشیکرد، چاکسازی لە وێستگە و یەکەکانی کارەبا بەردەوامی ھەیە و تا مانگی حەوت چاکسازیەکان تەواو دەبێت، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت لە وێستگەی خەبات و ھەولێری غازی، کە بە ھەردووکیان ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ تۆری کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت، بەگەڕانەوەی  ئەو ٣٠٠ مێگاواتە دۆخی کارەبا باشتر دەبێت و کاریگەری لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا دەبێت، ئەگەر خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاد نەبێت.

ناو براو وتیشی "ھەوڵدەدرێت زۆرترین کاتژمێرەکانی کارەبا لە وەرزی ھاوین بۆ ھاووڵاتیان دابین بکرێت و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ١٤ کاتژمێر کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دابین دەکرێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادابەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان ٣ ھەزار تا ٣ ھەزار و ١٠٠ مێگاواتە و خواستیش بۆ  ٤ ھەزار و ٢٥٠ مێگاوات بەرزبۆتەوە.



PM:02:15:11/06/2022