وەزیری دارایی عێراق: ناردنی (٢٠٠) ملیارەکە بۆ هەرێم بەردەوام نابێت

وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەكەوە دوایین زانیارییەکان ئاشكرا دەكات و دەڵێت" ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەكەی هەرێم بەردەوام نابێت". 

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند" بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یاسای نەوت‌ و گازی هەرێم، ڕێگریدەکات لە حکومەتی ناوەند کە بەشێک لە بودجەی گشتی داهاتوو، وەک پشکی هەرێم تەرخان بکات". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد بێت، هەرێمی کوردستان مانگانەی نیمچە ئاسایی بڕی (٢٠٠) ملیار دیناری عێراقی وەرگرتووە، بەڵام ئەم گواستنەوەیانە بەردەوام نابێت‌ و ڕاده‌گیرێت. 

وه‌زیرى دارایی عێراق جەختیشیکردەوە، ئەرکی من جێبەجێکردنی یاسایه‌ و ناتوانم یاسا شکێنى بكه‌م، ئێمه‌ لە بودجەی (٢٠٢١)دا داواکارییەکی ڕوونمان هەبوو کە حکومەتی هەرێم  هەناردەی نەوته‌كه‌ى له‌ ڕێگه‌ى سومۆوه‌ بێت، كه‌ له‌وه‌دا بودجه‌ى ته‌واوى خۆى وه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕووینەدا، بۆیە ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ماف لە بودجەدا نەماوە. 


PM:12:45:18/06/2022