ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن فشاری ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت و گاز لە هەرێم ڕابگرن، هەرێم ئامادەیە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور".

بەپێی راگەیەنراوەی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند "وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی ڕاسپاردوە ڕێكاری پێویست وەربگرن لە بەرامبەر ئەم تاوانە و لە هەمانكاتدا ڕاشسپێردراون بە كۆكردنەوەی چەكی بێ مۆڵەت، هەروەها پێویستە دادگاكانیش پەلە بكەن لە ڕێكارە یاسایی و قەزائییەكان بەرامبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تا تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەكەنەوە".

مەسرور بارزانی باسی لە بابەتی چەند بارەبونەوەی هێرشە "تیرۆریستیەكان" بۆ سەر خەڵك و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردودا كرد و وتی "ئامانج لە ئەو هێرشانە زیانگەیاندنن بە سەرچاوەی دارایی و ئابوریی هەرێم و پەكخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم"، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ئەركی خۆیان لە پارێزگاریكردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەكانی هەرێم كە سەرچاوەی دابینكردنی موچە و خەرجیە گشتیەكانی هەرێمە جێبەجێ بكەن".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوپاتیكردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە پابەندبوە بە دەستور و ئامادەیە بۆ ڕێككەوتن لە گەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستور و شەفافانەش هەمو زانیاریەكانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاكی وەزیفیی، بە ژمارە خستوەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێك لە دەرەوەی دەستور قبوڵكراو نییە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت دەكات كە فشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت و گاز لە هەرێم ڕابگرن، كە دەبو وەك دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشكەوتن و بوژاندنەوەی ئابوری هەرێم بن، نەك گوشاری ناڕەوا بكەن بۆ پەكخستنی ئەو بوژانەوەیە، هەروەها حكومەتی هەرێم بە هەموشێوەیەك داكۆكی لە شایستە دارایی و مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەكی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەكارییە".




PM:07:57:29/06/2022