مەسرور بارزانی داوای داخستنی شوێنەكانی فرۆشتنی چەك دەكات


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەرچی شوێنی چەك فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەكی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ داوام لە وەزارەتی ناوخۆ كرد هەرچی شوێنی چەك فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەكی بێ مۆڵەتە دەستی بەسەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە ئاسایشی خەڵك و وڵاتی خۆمان ناكەینە قوربانی خراپكاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان. داوا لە خەلكی كوردستان دەكەم، چەكی بێ مۆڵەت ڕادەستی حكومەت بكەن و خۆیان بەشدار بن لە پرۆسەی پاككردنەوەی كوردستان لە چەكی بێ مۆڵەت، دواتر بە پێی یاسا، بابەتی مامەڵەكردن بە چەك ڕێك دەخرێتەوە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "داواش لە دادگاكان دەكەم، چاوپۆشی و كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی یاسا نەكەن و دڵنیاشیان دەكەمەوە كە بە هەموو شێوەیەك، پاڵپشت و هاوكاریان دەبین".

پەیامەكەی مەسرور بارزانی لە كاتێكدایە رۆژی سێشەممەی رابردوو خوێندكارێكی زانكۆی سۆران هەستا بە كوژرانی د.كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلێجی یاسا و د.ئیدریس عیزەت، مامۆستای كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین، هەروەها كارمەندێكی كۆلێجی یاساشی برینداركرد، دواتریش خوێندكارەكە دەستگیركرا.



PM:12:56:30/06/2022