(CPT) لەبارەی زیانە گیانیەكانی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ڕێکخراوی CPT ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- قفڵ بڵاوکردەوە و نەخشەی نوێی داگیرکاری و بنکە و بارەگا سەربازییە نوێیەکانی تورکیای خستەڕوو. 

تیمی كوردستانی عێراقی CPT لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە ئاماژەی بەوەکردووە" لە ماوەی یەك مانگی نێوان ٢١ی ئایار بۆ ٢١ی حوزەیراندا، بەھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا لە خاكی ھەرێمی كوردستاندا،٥ ھاوڵاتی مەدەنی، لە ناویاندا سێ منداڵ شەھید بوون و ١٥ ھاوڵاتی تری مەدەنی بریندار بوون". 
ئەوەش هاتووە" لە دوای ھێرشە ئاسمانیەكەی ٢١ی ئایاری توركیا بۆ سەر گوندی تووتەقەڵ لە قەزای چەمچەماڵ و شەھیدكردنی دوو ھاوڵاتی مەدەنی، لە ئێستادا ٨ خێزان، لە كۆی ١٠ خێزان، گوندەكەیان لە ترسی بۆردوومانكردن بەجێھێشتووە". 

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'دا، توركیا چوار بارەگای سەربازی لە ناوچەكانی ئاڤاشین و زاپ دروستكردووە و لە ١٦ی حوزەیران'یشەوە سەرقاڵی دروستكردنی بارەگایەكی تری سەربازین، لەسەر چیای كوڕەژارۆ لە ناحیەی شیلادزێ.

ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی بەڵگەنامەکان و پشت بەستن بە شیكردنەوەی جوگرافیای شوێنی ڕووداوەكەی ٢٦ی ئایار لە بامەرنێ، كە ٣ منداڵ لەو ھێرشەدا شەھیدبوون، توركیا لایەنی ئەنجامدەری ئەو ھێرشەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە" سەربازانی توركیا، لە بنكە و بارەگا سەربازییە نوێیەكانیانەوە، تۆپبارانی گوندە مەدەنی نشینەكان دەكەن و ڕۆژانە تەقەی ڕاستەوخۆ بە ئاراستەی گوندەكاندا دەكەن، بەجۆرێك بەتەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا و لە ١٥ی حوزەیران تاوەكو ١٧ی حوزەیران، ٥ ھاوڵاتی مەدەنی گوندەكانی پەرەخێ لە دەركار و كێستە لە كانی ماسێ بەھۆی دەستڕێژی سەربازانی توركیا و تۆپبارانی سوپای توركیاوە، برینداربوون". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە: 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، سەرکۆنەی کوشتنی منداڵان و بریندارکردنی جوتیاران و بە ئامانجگرتنی گوندەکانی باکوری عێراق "هەرێمی کوردستان" لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی چنگی - قفڵ، دەکەن.

لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢دا، سوپای تورکیا، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی ناوچە شاخاوییەکان بە درێژایی ١٨٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و بە قوڵایی زیاتر لە ١٥ کیلۆمەتر بۆ باشوری سنوری نێوان تورکیا و عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- قفڵ'ی  لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕاگەیاند. لەماوەی تەنها یەک مانگی نێوان ٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ بۆ ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەوڵەتی تورکیا بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٣ منداڵ و ٢ پیاو و برینداربوونی ١٥ هاوڵاتی مەدەنی لە باکوری عێراق "هەرێمی کوردستان"دا.

ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی - قفڵ'ی تورکیا، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ناوچە شاخاوییەکانی سنوری نێوان تورکیا و عێراقە کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بە تەنها ٢٠٪ی سنوری نێوان تورکیا و عێراق مابوو کە تورکیا کۆنتڕۆڵی نەکردبێت. ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بە بۆردوومانی ئاسمانی چڕ و دابەزاندنی هێزی تایبەتی سوپای تورکیا بە قوڵایی ١٢-١٥ کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا و عێراقە وە بۆ ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین دەستیپێکرد، کە پێشتر ئەو ناوچانە لە خەڵکی مەدەنی چۆڵکرابوون. لەکاتێکدا تورکیا لەو ناوچانەدا لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە جەنگدابوو، بەڵام لە هەمانکاتدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان هێرشیان ئەنجامدەدا و تەنانەت یەکێک لە هێرشەکان بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پەکەکە بوو بە قوڵایی ٢٨٠ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان،  لە قەزای کەلار.

لە ئەنجامی دوو هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیادا، چەند هاوڵاتییەکی مەدەنی بوونە قوربانی کە لە ناویاندا منداڵێک هەیە.

یەکەمین دوو هاوڵاتی مەدەنی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'ی تورکیاوە شەهید بوون، ئارام حاجی کاکە خان'ی ٤٣ ساڵ و هاوسەری خوشکەکەی، ئیسماعیل ئیبراهیم'ی ٥٠ ساڵ بوون لە گوندی "تووتەقەڵ" کە ١٤٠ کیلۆمەتر دوورە لە سنوری نێوان تورکیا و عێراقەوە. لە کاتژمێر ٥:١٥ خولەکی سەر لەبەیانی ڕۆژی ٢١ی ئایاردا، ئارام حاجی موختاری گوندی تووتەقەڵ گوێبیستی هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بوو بۆ سەرگوندەکەیان. چەند کاتژمێرێک لە دوای هێرشەکە، ئارام و ئیسماعیل دەچنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ئەوەی بزانن کە دەنگی ئەو تەقینەوانە چی بووە کە گوێبیستی بوون. کاتێک دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، چەند گەریلایەکی پەکەکە دەبینن کە بەسەختی برینداربوون و هەوڵدەدەن بریندارەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە. لەوکاتەی کە ئارام و ئیسماعیل هەوڵیاندەدا  بریندارەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، فڕۆکەیەکی تری بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلەکەیانی بە موشەکێک بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا، ئارام و ئیسماعیل و چەکدارە بریندارەکانی پەکەکش گیانیان لەدەستدا. بە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی مەدەنی کە سەرنشینی مەدەنی و چەکداری برینداری تێدابووە، سوپای تورکیا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە. ئارام و ئیسماعیل، هەردووکیان ڕزگاربووی پڕۆسەی ئەنفالی ساڵانی ١٩٨٠کانن لە گوندەکەیان کە ڕژێمی پێشووی عێراق بە شێوەیەکی دڕندانە لە گوندی تووتەقەڵ و گوندەکانی تری دەووربەری و زۆر ناوچەی تری کوردستانی عێراقدا جینۆسایدی دژ بە کوردەکان ئەنجامدا. لەدوای ڕووداوەکەی ٢١ی ئایار، لە کۆی ١٠ خێزان، ٨ خێزان لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکانی تورکیا گوندی تووتەقەڵیان بەجێهێشت.

لە ١٥ی حوزەیراندا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بارەگایەکی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال "یەپەشە" کە گروپێکی چەکداری سەر بە پەکەکە'یە لە ناحیەی سنونێ لە قەزای شەنگال بە ئامانجگرت. هێرشەکە بووە هۆی داڕووخان و زیانگەیاندن بە ماڵ و بینا و باڵەخانەکانی دووروبەری بارەگاکە و لە ناویشیاندا دووکانێکی کتێب فرۆشی. لەناو دووکانەکەدا، منداڵێکی ١٢ ساڵی یەزیدی بەناوی سەڵاح خضر، کە یارمەتی باوکی دەدا لە دوکانە کتێبفرۆشیەکەدا، بەر هێرشەکە دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات. هەر لەو هێرشەدا، باپیری سەلاح  و ٨ هاوڵاتی تری مەدەنی ناوچەکە برینداربوون. بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر گەڕەکێک کە خەڵکی مەدەنی تێدا نیشتەجێیە، بە تاوانی جەنگ هەژماردەکرێت. ناحیەی سنونێ کە هێرشەکەی تورکیای تێدا ئەنجامدراوە، شوێنی نیشتەجێبوونی زۆرینەی ڕزگاربووانی ئێزیدیە لە جینۆسایدەکەی داعش بۆسەرهاوڵاتیانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥.

لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تاوەکو ئێستا، هێزەکانی تورکیا سەرقاڵی دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازین  لەسەر لوتکەی چیا و زنجیرە شاخەکانی سەر سنوری نێوان تورکیا و عێراق، لە ناوچەی سیدەکانەوە بۆ حەفتانین لە قەزای زاخۆ. لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ لە ١٧ی نیسانەوە تاوەکو ٢٥ نیسان، سوپای تورکیا ٤ بارەگای سەربازی نوێی دامەزراندووە، بەشێوەیەک دوو بارەگا لە ئاڤاشین و دوو بارەگای تر لە زاپ. وە لە ١٦ی حوزەیرانەوە، دروستکردنی بارەگایەکی تری سەربازی لەسەر چیای کوڕەژارۆ کە بەسەر ناحیەی شیلادزێ'دا دەڕوانێت، دەستیپێکردووە.

هەروەها، سوپای تورکیا پەرەی بە دروستکردنی تۆڕی ڕێگاوبان داوە بۆ بەستنەوەی بارەگا سەربازییەکانی بەیەکترییەوە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا و بەستنەوەیان بە ناوچەکانی سنوری تورکیاوە بەمەبەستی ئاسانکاریکردن لە هێنانی پاڵپشتی و پڕچەککردنی بارەگاکان و بەهێزکردن و مانەوەی ئەو ناوچە داگیرکراوانە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا. لەو ناوچە شاخاویانەوە کە تورکیا بارەگای سەربازی تێدا دامەزراندووە، تۆپخانەکانی تورکیا، ئەو هاوڵاتیانەی کە لەگوندەکاندا دەژین و ئەو جوتیارانەی کە لە زەویە کشتوکاڵییەکانیاندا جوتیاری دەکەن بە ئامانج دەگرن. لە ١٥ و ١٧ی حوزەیراندا، سەربازانی سوپای تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە، ٥ هاوڵاتی مەدەنیان لە گوندەکانی سەر سنور بە ئامانج گرتوو برینداریان کردن.

گوندی پەرەخێ، لە ناحیەی دەرکار، بە دووری ٨ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا-عێراق'وە دەکەوێتە دۆڵێکەوە و بە کشتوکاڵ بە ناوبانگە. ٣٠ خێزان لەو گوندەدا دەژین و چەند خێزانێکی تریش تەنیا بۆ دوو وەرز دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکە بەمەبەستی کشتوکاڵی و جوتیاریکردن لە زەوییەکانیاندا. لە کاتژمێر ٣:٤٩ خولەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٥ی حوزەیراندا، نەزیر عومەری ٥٣ ساڵان و محەمەدی ٢٤ ساڵانی کوڕی، کە سەرقاڵی ئاودانی دار هەنجیر و دار هەنارەکانی باخەکەیان بوون لە گوندی پەرەخێ، بەهۆی بەرکەوتنیان بە تۆپێکی تورکیا کە لە بارەگایەکی سەربازی تورکیاوە لە یەکێک لە لوتکە چیاکانی دوروبەری گوندەکەوە ئاراستەکرابوو، هەردووکیان برینداربوون. نەزیر عومەر بە CPT گووت، لەکاتی بەرکەوتنیان بە تۆپەکە، ئەو دەستبەجێ بێهۆش دەبێت و لە نەخۆشخانە هۆشی دێتەوە و دەزانێت کە دوو پارچەی تۆپ لە پشتیدایە. کوڕەکەی نەزیر عومەر کە ناوی محەمەدە، ئەویش بەهۆی بەرکەوتنی پارچە تۆپێک بەر لەپی دەستی برینداردەبێت. لە دوای ڕووداوەکە، کەسوکاری بریندارەکان، هەردوو بریندارەکە بە بێهۆشی ڕزگار دەکەن و دەیانگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ.

سەردانی تیمی CPT بۆ لای نەزیر عومەر. نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ. ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢.

نەزیر عومەر لە نەخۆشخانە بە CPT گووت کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ١٥٠ سەربازی سوپای تورکیا، لە بارەگا سەربازییە نوێیەکانیان لە چیاکانی دەوروبەری گوندەکەوە هاتنە خوارەوە بۆ ناو گوندی پەرەخێ. سەربازەکان ماڵ بە ماڵ بە گوندەکەدا گەڕابوون و هەڕەشەیان لە گوندنشینان کردبوو کە ئەگەر هەر جۆرە هاوکاریەکی پەکەکە بکەن، ئەوا سەربازانی تورکیا لە بارەگاکانیانەوە تەقە بە ڕووی گوندەکەدا دەکەن.

لەکاتێکدا دانیشتوانی گوندی پەرەخێ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چەکدارانی پەکەکە لە گوندەکەیاندا نین، بەڵام لەماوەی چەند مانگێک پێش ئەم ڕووداوە، گوندنشینان دوو جار گووێیان لە دەنگی تەقینەوەی تۆپ بووە لە دەوروبەری گوندەکەیان. تۆپبارانەکەی ڕۆژی ١٥ی حوزەیران، یەکەمین جار بوو کە ڕاستەوخۆ گوندی پەرەخێ بە ئامانج بگیرێت و وە نەزیر عومەر و محەمەدی کوڕیشی یەکەمین قوربانی گوندی پەرەخێن بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیاوە. سەرباری ئەوەی کە تیمی کوردستانی عێراقی CPT نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەو تاوانە جەنگیانەی کە سوپای تورکیا لەڕێگەی بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامیدەدات، CPT مەترسی نیازی تورکیا ڕادەگەیەنێت لە فشار خستنە سەر دانیشتووانی گوندی پەرەخێ بۆ چۆڵکردنی گوندەکەیان و دواتریش پاککردنەوەی ناوچەکە و دەورووبەری بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە گوندنشینان. پێشتر ئەو مامەڵەیەی تورکیا لە چەند گوند و ناوچەیەکی تری هاوسێی گوندی پەرەخێ و هەموو ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری دەیان بارەگای سەربازی تورکیا بە درێژایی سنور بەدیکراوە. ئاوارەکردنی بە زۆرەملێی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئابڵوقە خستنەسەر سەرچاوەکانی بژێوی ژیانی خەڵکی سڤیل، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی International Humanitarian Law'ە.

لە کاتژمێر ٥:١٠ خولەکی ڕۆژی ١٧ی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا بە چەکی قورس چەند دەستڕێژێکیان بەڕووی گوندی کێستەدا کرد. گوندی کێستە بە دووری ٩ کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق-تورکیاوە، دەکەوێتە ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی. لە ئەنجامی تەقەکردنەکانی سوپای تورکیادا، ٣ ئافرەتی خەڵکی گوندەکە بە ناوەکانی کاژین تەها سەعیدی ٢٨ ساڵ و نەزیرە عەبدولستار ئەحمەدی ٤٩ ساڵ و بووکەکەی، فەوزیە دیار عومەری ٢٤ ساڵ کە بۆ بەسەربردنی پشوی هەینی گەڕابوونەوە گوندەکەیان برینداربوون. دەستڕێژی گولەکان لە بارەگایەکی سەربازی تورکیاوە لەسەر زناری کێستە کە بەسەر گوندی کێستەدا دەڕوانێت، ئەنجامدرابوون. هەر لەدوای دروستکردنی بارەگای سەربازی زناری کێستە لە نیسانی ساڵی ٢٠٢١وە، سەربازانی تورکیا چەندین جار تەقەیان بەڕووی گوندەکەدا کرد و خەڵکەکەیان ناچار کرد کە بە تەواوی گوندەکەیان چۆڵبکەن. لەم ساڵدا، چەند خێزانێک دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان یاخود سەردانیکردنی ڕەز و باخەکانیان لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا.
 
لە ٢٦ی ئایادا، نزیکەی ١٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی خەڵکی گوندی زێوا سەری، لە فیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەکەیاندا لە ناحیەی بامەرنێ بەشداربوون. لەدوای سێ ساڵ لە لەیەکتری دابڕان و ئەنجامنەدانی فیستیڤاڵی گوندەکەیاندا بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە، ئەمە یەکەمین جار بوو کە خەڵکی گوندی زێوا سەری بۆ جارێکی تر فیستیڤاڵەکەیان ڕێکخستبوو. مەبەست لە ڕێکخستنی فیستیڤاڵەکە بۆ کۆبوونەوەی خزم و کەسوکار و یەکتر ناسینی خەڵکی گوندەکە بوو کە لەساڵی ١٩٩٠ەکانەوە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکەوە ناچار بەوە کراون کە گوندەکەیان چۆڵبکەن.

لە درەنگانێکی ڕۆژەکەدا، ٣ منداڵ سەرقاڵی یاری تۆپی پێ بوون لە قەراغی بازنەی فیستیڤاڵەکە. بەبێ هیچ زەنگێکی ئاگادارکردنەوە، بەلایەنی کەمەوە ٣ تۆپی هاوەن بەدووری چەند مەترێک لە منداڵەکانەوە، بە دوای یەکدا بەر زەوی کەوتن و تەقینەوە. لەئەنجامی ئەو هێرشەدا، یوسف کۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی ٨ ساڵانیش بەسەختی برینداربوو.

کاک کۆڤان و کاک هۆشیار و کاک فەرهاد، باوکی ئەو سی منداڵەی کە لە هێرشەکەی ٢٦ی ئایاردا شەهید و برینداربوون، وێنەی یوسف و ئاڤەند'یان لە کەڤەری پشتەوەی مۆبایلەکانیان داوە. شیلادزێ. ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی، بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری کوردستان کە لەلایەن زۆرێک لە میدیاکانی کوردستان بلاوکرایەوە، ئەو هێرشە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەوە ئەنجامدراوە. بەڵام بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی کە دەست CPT کەوتوون و بە شیکردنەوەی جوگرافیای ئەو ناوچەیەی کە هێرشەکە تێیدا ڕوویداوە، بە ئەگەری زۆرەوە هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە. کەسوکاری سێ منداڵەکە بە CPT'یان گووت، ئەو ڕۆژەی کە هێرشەکە ڕوویدا، ئەوان بە بەردەوامی گوێیان لە دەنگی سوڕانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بوو بە سەر ئاسمانی ناوچەکە و شوێنی فیستیڤاڵەکەدا. شوێنی ئەنجامدانی فیستیڤاڵەکە ، تەنیا ٨٠٠ مەتر دوور بووە لە گەورەترین بارەگای سەربازی تورکیا لە بامەرنێ، ووردیەتی "دەقیقی" هاوەنەکە لە پێکانی شوێنی یاری منداڵەکان لەگەڵ سوڕانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێریکردن بە ئاسمانی ناوچەکە لە هەمانکاتدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە فیستیڤاڵەکە بە ئەنقەست بە ئامانج گیراوە و هێرشەکە بۆ مەبەستی ئاگادارکردنەوە یاخود گەیاندنی زیانی گیانی بووە بە بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە. سەرباری هەموو ئەوانەش، چیای مەتینا کە دەگوترێت شوێنی هاوێشتنی هاوەنەکانە لەلایەن پەکەکەوە، لە ئێستادا لە ژێر دەسەڵاتی سەربازی سوپای تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا، سوپای سەربازی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق، نزیکەی ١٢٩ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدکردووە و نزیکەی ١٨٠ هاوڵاتی مەدەنی تریشی بریندارکردووە. ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'یش یەکێکی ترە لە ئۆپەراسیۆنە یەک لە دوایەکەکانی تورکیا کە بووەتە مایەی مەرگ و ئاوارەیی بۆ هاوڵاتیانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە. 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، هاوشان لەگەڵ هاوبەشەکانی تریدا لە کەمپەینی "کۆتاییهێنان بە بۆردوومانەکانی سەر سنور"، سەرکۆنەی کردە سەربازییەکانی تورکیا دەکات لە کوشتنی هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی و زیان گەیاندن بە گوند و ڕەز و باخ و ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی مەدەنی.

ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن! ژیان بۆ گوندەکانی سەر سنور بگەڕێننەوە - لێگەڕێن هاوڵاتیانی مەدەنی بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان!


AM:11:39:02/07/2022