بەرپرسێكی گۆڕان بۆ هێمن هەورامی: ئەوپەڕی چاونەترسییە موزایەدە بكەیت بەسەر هاونیشتمانیاندا


سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان رەحنە لە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەگرێت لە پشكی پارتی كە وتویەتی "دواخستنی هەڵبژاردن عەیبەیەكی گەورەیە" و دەڵێت "ئەوپەڕی چاونەترسییە هەق بدەیت بە خۆت و موزایەدە بكەیت بەسەر هاونیشتمانیاندا".

یاسین حەمەعەلی، ‎سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە "بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە ئاستێك كە هیچ لایەنێك و بە دیاریكراویش هاوڵاتیان لێی رازی نین، لە دۆخێكی ئاوهادا ئەوپەڕی چاونەترسییە هەق بدەیت بە خۆت و موزایەدە بكەیت بەسەر هاونیشتمانیاندا".

‎هەروەها دەڵێت "ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان گەیشتوەتە ئاستێك كە نابنە كڕیاری ئەم موزایەدانە، لەكاتێكدا كە خۆت یەكێك بیت لە سەبەبكارەكانی ئەم دۆخەو پەكخستنی پرۆسەی دیموكراسی، روویەكی دەوێت بێیت و بڵێیت دواخستنی هەڵبژاردن عەیبەیەكی گەورەیە".

‎ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكەی كردووە و وتویەتی "گۆڕان هەمیشە خاوەنی ستراتیژی رون و نەگۆڕ بوە لەسەر ئەم پرسەو هەمیشە لەگەڵ ئەوە بوین كە رەوڕەوەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان بەشێوازێكی تەندروست و دور لە دەستتێوەردان و تەزویرو ساختەكاری ئەنجام بدرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە لە كات و ساتی خۆیداو دەقیق لە ۳۱ی ۳ی ۲٠۲۱ەوە پرۆژە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانمان ئامادەكردوەو لەرێگەی فراكسیۆنەكەمانەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كردوە، بەڵام بەمەبەست و ناكۆكی نێوان لایەنەكان و بە دیاریكراویش پارتی و یەكێتی، پرۆژەكەی ئێمە پەكخراو گەیشتینە ئەم بارودۆخە بە ئامانجی بكرێتە هۆكارێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".

یاسین حەمەعەلی دەڵێت "بە رای بزوتنەوەی گۆڕان هەمواری یاساكە بۆ ئەم قۆناغە پێویستیەكی حەتمیە، چونكە یاساكە حەوت جار هەمواركراوەتەوەو هێندەی باسی پەیڕەوی ناوخۆو كاری پەرلەمانی دەكات، هێندە تێشك نەخراوەتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن".







PM:10:50:02/07/2022