مەسرور بارزانی: بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین بە سزای یاسایی خۆی دەگات


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ٦-٧-٢٠٢٢  لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەمرۆ پێشوازیم لە بنەماڵەی هەردوو شەهید د. كاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان كرد كە حەفتەی ڕابردوو لە كردەوەیەكی تاوانكاریدا گیانیان لەدەستدا".   

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "دووپاتم كردەوە كە شەهیدكردنی ئەم دوو مامۆستا بەڕێزە، تاوانێكی گەورە و زیانێكی گەورەش بوو لە خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوت و هەردووكیان خزمەتێكی زۆری خەڵك و وڵاتی خۆیان كردووە. دڵنیاشم كردنەوە كە ئەنجامدەری تاوانەكە، بە سزای یاسایی خۆی دەگات . هەروەها جەختیشم لەوە كردەوە، كە پالپشت و هاوكاری دادگاكان دەبین بۆ ئەوەی هیچ سستی و كەمتەرخەمییەك لە سزادانی تاوانباران ڕوونەدات".

رۆژی سێشەممەی رابردوو خوێندكارێكی زانكۆی سۆران هەستا بە كوشتنی د.كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلێجی یاسا و د.ئیدریس حەمەخان، مامۆستای كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین، هۆكاری كێشەكەش بوونی دەمەقاڵێیەكی پێشتر بووە لەگەڵ د.نیشتمان، هاوسەری د.ئیدریس.



PM:07:27:06/07/2022