دوای جەژن هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

بڕیارە دوای جەژنی قوربان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە 
 
ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی ئەمڕۆ شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند" بڕیاردراوە دوای جەژن کۆبوونەوەکانی نێوانمانم لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستپێبکەنەوە، کۆبوونەوەکەش لە ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولا دەبێت". 
ئەحمەد کانی وتیشی" بابەتی گفتوگۆکان فراوانن و ئێستا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆ دەکرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆش هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بابەتە هەرە گرنگ و لە پێشەکانی گفتوگۆی نێوانمان دەبێت".
 
بەرپرسی لقی دووی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی فرەبازنەی یان یەکبازنەی هەڵبژاردن گرفتی بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان نییە، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە لە کوردستان نەخشەیەکی سیاسیمان هەیە و هەڵبژاردن بۆ هەموو گەلی کوردستانە، واتە هەر هاووڵاتییەک لە کەلارەوە تاوەکو زاخۆ و هەڵەبجە مافی هەیە دەنگ بە نوێنەری خۆی بدات، نەک بێیت و ئەو مافەی لێ زەوت بکەیت، بۆ ئەمەش پێویستە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە. 
 
ئەحمەد کانی لەبارەی گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" بابەتەکە لەوەدا قەتیس نەبووە کە ئایا بە یەک بازنەیی هەڵبژاردن بکرێت یان فرەبازنەیی بێت؛ بەر لەوە کێشەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانمان هەیە کە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، هاوکات کێشەی پێکهاتەکان هەیە؛ ئەوان مافی خۆیانە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئەو مافەیان لێ زەوت بکات".


PM:06:20:09/07/2022