پۆلیسی هەولێر زانیاری لەسەر تەقەكردن لە ماڵی سەركردەیەكی یەكێتی ئاشكراكرد


پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، رووداوی تەقەكردن لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رووداوێكی سیاسی نەبووە و بۆ خودی كەسەكە دەگەڕێتەوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە شاری هەولێر رایگەیاندووە "رووداوی تەقەكردن لە ماڵی سەركردایەتییەكی یەكێتی لە هەولێر لە لێكۆڵینەوەدایە و كێشەكە سیاسی نەبووە، بەڵكو بۆ خودی كەسەكە دەگەڕێتەوە و تەقەكەرەكەش هەركەسێك بێت، ئێمە رێڕەوی یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر".

بەڵام وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانەكەیدا ئاماژەی بە دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە و ناسنامەكەی و هۆكاری تەقەكردنەكە نەكرد.

بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە ١١-٧-٢٠٢٢  تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كراوە و پاسەوانێكی بریندار بووە، ناوبراویش داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كرد لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن.



PM:11:24:12/07/2022