لاهور شێخ جەنگى بڵاویکردەوە "بەشدارى بەرفراوانى خەڵک لە نوێژى هەینى یەکگرتوو
و مەغزا سیاسییەکانی، ئاماژەن بۆ هاوبەشی خەڵکی کوردستانیش، کە ساڵانێکەوە ئەناڵێنێت
بە دەست ناعەدالەتی و گەندەڵی و تاکڕەویەوە".
ئەمڕۆ هەینی ١٥ی حوزەیران، لاهور شێخ جەنگى لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "بەشداریی بەرفراوانی
جەماوەری شارەکانی عێراق لە بۆنەی نوێژی هەینی لەسەر داوا و بانگهێشتی سەماحەتی سەید
موقتەدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیندوویی شەقامی عێراقی و ئامادەییان بۆ بەشداری لە
پرسە سیاسییەکان و ڕێگریکردن لە سەپاندنی جۆرێکی سواوی بێئاکامیی حوکمڕانی بەسەر
چارەنووسی خەڵکی عێراقەوە".
لاهور جەنگی لە
پەیامەکەیدا وتی "بە ڕای ئێمە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جووڵە جەماوەرییە گەورانەی
کە لە ناوچەکە و دنیادا هەیە، دەبێ ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە جۆرێک بێت
کە ڕەنگدانەوەی داخوازییە ڕاستەقینەکانی شەقام و جەماوەر بێت لە سەقامگیری و دەوڵەتی
خەڵکی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی".
باسی لەوەشکردووە، پەیوەست بە کوردستانیشەوە، ئەم
بەشدارییە بەرفراوانە و مەغزا سیاسییەکانی، ئاماژەن بۆ هاوبەشی خەڵکی کوردستانیش،
کە ساڵانێکەوە ئەناڵێنێت بە دەست ناعەدالەتی و گەندەڵی و تاکڕەویەوە.
وتیشی " ڕێز لە ناوەڕۆکی پێشنیاز و داخوازییەکانی
سەماحەتی موقتەدا سەدر دەگرین، لە هەمان کاتیشدا بە پێویستی ئەزانین جەخت لەسەر
هاتنە مەیدان و ئامادەیی جەماوەر بکەینەوە، کە بە ئیرادەی پۆڵایینیان ئەتوانن هەموو
بەربەستەکان بشکێنن و بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی نیشتمانەکەیان بدەن".