خزمەتی مامۆستایانی گرێبەست ئەژمار دەکرێت و مووچەیان زیاد دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە ئشکرایکرد، ماوەی خزمەتی مامۆستایانی دامەزراوی گرێبەست ئەژمار دەكرێت و بەوپێیەش مووچەکانیان زیاد دەکات.  

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی حوزەیران، مەریوان بەگۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بۆ هاتووە، بۆ ئەژماركردنی ماوەی خزمەتی گرێبەستی ئەو مامۆستایانەی، كە پێشتر گرێبەست بوون  و دواتر دامەزراون، هەروەها سەرجەم پەروەردەكانیان ئاگادار كردووەتەوە، كە كار بە ناوەڕۆكی نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێ، هەموو پەروەردەكان دەبێـت ماوەی خزمەتی گرێبەستی مامۆستایانی گرێبەست رەوانە بكەن و پاشان ئەوانیش رێكارەكان تەواو دەكەن". 

لە هەمانکاتداحازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بەپێی رێنوێنییەكان، ئێمە لێبڕینی خانەشینی بۆ ئەژماری خزمەتی فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست وەردەگرین، هەركات پەروەردە نووسراو بنێرێت، ئێمەش مامەڵەكانیان بۆ رایی دەكەین". 

  ناو براو ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو مامۆستا گرێبەستانەی فەرمانی دامەزراندنیان دەرچووە، خزمەتەكانیان بۆ خانەنشینی و سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە ئەژمار دەكرێت، هەر تەنیا بۆ خانەنشینی نییە، كاتێك خزمەتەكە ئەژمار دەكرێت، ناونیشانیان بەرزتر دەبێتەوە و مووچەشیان زیاد دەبێت، وەكوو خزمەتی فیعلی، ئەو ماوەیەی گرێبەست بوونە بە خزمەت بۆیان ئەژمار دەكرێت". 

جەختی لەوە کردەوە " دوای ئەوەی نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ ئەژماركردنی خزمەتیان، ئەوكات لێبڕینی خانەنشینیان بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی پارەی خانەنشینی، یان لێبڕینی خانەنشینی لەو كەسانە وەربگیرێت، ئەو كاتە بەگوێرەی بڕوانامەكەی پارەی لێ وەردەگیرێت، كە بۆ هەر مانگێك ٩ هەزار و ٨٠٠ دینار دەست پێدەكات، تا دەگاتە ٣٠ هەزار دینار". 

حازم گۆران دەشڵێت، "هەر كەسێك پارەی لێبڕینی ماوەی خانەشینی نەدات، خزمەتەكەی بۆ ئەژمار ناكرێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەوانەی گرێبەستن، كە دەبنە هەمیشەیی، ئەو بڕە پارەیە بدەن، كە بۆیان دیاری كراوە". 

 



PM:05:50:16/07/2022