یەكێتی پێشبینی دەكات لە گەڕی دووەمی دەنگدان بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆك كۆمار


یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری كۆتایی داوە كە بە فەرمی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار دەهێڵێتەوە و پێشبینیش دەكەن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، كاندیدەكەیان سەربكەوێت.

سەرچاوەیەكی باڵای بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 17-7-2022 بە (سپی) راگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسییان كە رۆژی پێش جەژنی قوربان ئەنجامیان داوە كۆك بوون لەسەر هێشتنەوەی بەرهەم ساڵح، وەك كاندیدی فەرمی حیزبەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد "بۆ بردنەوەی پۆستەكە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی كێشەمان نییە و دەنگی پێویست دەهێنێت، هەندێك لایەن سوننەش بەڵێنیان داوە دەنگی پێبدەن، بەڵام بەپێی پێشبینییەكانمان لە گەڕی یەكەمدا هیچ كاندیدێك دەنگی پێویست ناهێنێت و بردنەوەی پۆستەكە دەكەوێتە گەڕی دووەم".

سەبارەت بە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو پۆستە كە ماوەی چەند مانگێكە ناكۆكی لەنێوانیانە و پارتیش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كاندید كردووە، سەرچاوەكە وتی "پێناچێت لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن، چونكە پارتی داوای گۆڕینی بەرهەم ساڵح دەكات، بەڵام ئەوان نایانەوێت لەم كاتەدا سازش لەسەر كاندیدی خۆیان بكەن بۆ پارتی، چونكە پێشتر ئەگەر یەكێتی ترسی لەدەرچوونی كاندیدەكەی هەبووبێت كە پارتی و سەدر و سوننەكان هاوپەیمان بوون، ئەوا ئەمجارە ئەو ترسەشیان نەماوە و دڵنیان لەدەرچوونی كاندیدەكەیان".

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، پێویستە 220 ئەندام پەرلەمان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ببن و لە گەڕی یەكەمدا هەر 220 ئەندامەكە دەنگ بە كاندیدی دەرچوو بدەن واتە دوو لەسەر سێی ئامادەبووان، بەڵام ئەگەر هیچ كام لە كاندیدەكان دەنگیان نەهێنا، ئەوا لە گەڕی دووەم، ئەو دوو كاندیدەی زۆرترین دەنگیان هێنا بە نیوە+1 پۆستەكە دەبەنەوە واتە 166 پەرلەمانتار".



PM:09:09:17/07/2022