رێبەری رەوتی سەدر لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکانی نوری مالیکی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە مالیکی دەکات، کە واز لە سیاسەت بهێنێت و خۆی رادەستی دادگا بکات.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەکرد" سەیرە لەلایەن حزبی دەعوەوە کە هێزێکی شیعەیە و لەسەر هەموشیانەوە نوری مالیکی-یە هەڕەشە لە بنەماڵەی سەدر دەکرێت".
لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا سەدر خۆی بێبەری دەكات، لە هەر جۆرە دەستدرێژی و توندوتیژییەك دژی مالكی و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" كە دوورنییە لایەنی سێیەم هەوڵی ڕوودانی ئەوە بدەن و لەو دۆخەشدا سەدر بەرپرسیار نییە".
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامەكەیدا ئامۆژگاری مالیكی دەكات واز لە سیاسەت بهێنێت و داوای لێخۆشبوون بكات، یاخود خۆی و هاوپەیمانەکانی دەوروبەری رادەستی دادگا بکات.