لاهور شێخ جەنگی و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبوونەوە


لاهور شێخ جەنگی و باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عێراق چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێكرد بەتایبەتیش پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی لاهور شێخ جەنگی، رۆژی دووشەممە لاهور شێخ جەنگی لە شاری بەغداد چاوی كەوت بە ئەلینە ڕۆماناوسكی باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عێراق، لە دیدارێكدا لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی لە ئەلینە ڕۆماناوسكی كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "دواتر گفتوگۆیەكی بەرهەمداریان ئەنجامدا لە بارەی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بە تایبەت پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە بەربەست لە بەردەم تێپەڕاندنی قۆناغەكە".

وەك لە راگەیەنراوەكە هاتووە "لە بەشێكی تری دیدارەكەدا هەردوولا بە گرنگییەوە گفتوگۆیان كرد دەربارەی بارودۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت دۆخی سەخت و ناهەمواری ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان".



AM:12:13:19/07/2022