رای پەكەكە لەسەر كۆبوونەوەی سێقۆڵی ئێران- توركیا- روسیا ئاشكرابوو


بەرپرسێكی باڵای پەكەكە ڕایدەگەیەنێت "ئەردۆغان داوا لە ڕوسیا و ئێران دەكات، پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر رۆژئاوا، بەڵام ئەوەی دەیەوێت وەریناگرێت".

ئەمڕۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی ڕوسیا گەیشتنە تاران و وا بڕیارە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆك كۆماری ئێران كۆبونەوەیی لوتكە ئەنجام بدەن، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكەشیان پرسی سوریا و ڕۆژئاوای كوردستانە.

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بە ئاژانسی (فورات)ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە، بەردەوامی سیستمی خۆی لەسەر بناغەی تێكۆشانی ئازادی و لەناوبردنی گەلی كورد دەبینێت، بێگۆمان تەیب ئەردۆغان داوای پشتگیری دەكات، بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر رۆژئاوا. بۆ هێرشكردنە سەر باشور و دەڤەرەكانی دیكە پشتگیری دەوێت. ئەمە تەئكیدە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە "توركیا داوای لە ناتۆ كرد، لە ئاستێكدا پەسەندی كرد  لەوانەیە هەموو شتێك بە پێی ئەوان بەرەو پێش نەڕوات، هەموو شتێك بەپێی خواستی ئەوان نابێت، هەندێك شتی لە ناتۆ وەرگرتووە، بەڵام لە ئاستێكدا وەریگرتووە و پێیدراوە، لە دوای ئەوە ئێستا دەڕوات بۆ ئەوەی لە ڕوسیا و ئێران هی تر وەربگرێت".

قەرەیلان روونیكردەوە "ئێران زووبەزوو و بە خێرایی ئەمە پەسەند ناكات، چونكە ئەویش دەیەوێت لە ناوچەكەدا ببێتە دەوڵەتێكی گەورەی دەسەڵاتدار و باڵادەست، توركیاش ئەوەی دەوێت، گرژی لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە زووبەزوو داگیركردنی ڕۆژئاوا قبوڵ ناكات، بەتایبەتی میساقی میلی و ئەو جۆرە شتانە".

قەریلان وتویەتی "توركیا حسابی ئەوە دەكات كە تل ڕەفعەت و منبج داگیر بكات، بە داگیركردنی ئەو ناوچانە حەلەب  دەخاتە ناو گەمارۆی خۆی، ڕووسیاش ئەمەی ناوێت، ئەگەر ئەوەی بوێت ئەوە بەرامبەر بە سوریا دەبێتە ناهەقییەك، لەبەر ئەوە ڕەنگە ڕووسیا هەندێك سەودا و مامەڵەی لەگەڵ بكات، ئێمە وا بیردەكەینەوە، چونكە لە ئاستێكدا پێویستیی بە توركیا هەیە، هەرچەندە تێگەیشتووین، توركیا لە بنەڕەتدا  كێیە، واتە ئەندامێكی ناتۆیە، خزمەتكاری ناتۆیە، بەڵام ڕووسیاش هەندێك كێشەی هەیە، لەوانەیە هەندێك مامەڵە و سەودا لەگەڵ ئەوان بكات، بەڵام من پێموایە ئەو شتانەی ئەوان پێشبینیی دەكەن ناتوانێت لەوێ بەدەستی  بهێنێت".

ئەو سەركردە باڵایەی پەكەكە دەڵێت "دەبێت ئێمە وەك گەلی كورد پشت بە هیچ شتێك نەبەستین و ئێمە پشت بە هێزی خۆمان ببەستین. بۆ هەر جۆرە پێشهاتێكیش ئامادە بین، واتە ئەوان لەوێ قسە و باسی لەسەر دەكەن، بەڵام من باوەڕ ناكەم توركیا بتوانێت ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت، كە دەیەوێت. ڕەنگە لەوێ هەندێك شت بە دەست بهێنێت، بەڵام نەك ئەوەی، كە ئەو دەیەوێت.






PM:09:11:19/07/2022