گۆڕان لە دژی تۆپبارانەكانی توركیا داوای هەڵوێست دەكات


بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت "دامەزراوەكانی حوكمڕانی عێراق و ھەرێم لە سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی ئیتحادی، لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی ھەرێم دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی بۆ سنوردانان و كۆتایھێنان بەو پەلامار و پێشێلكارییانەی توركیان كە سەدان خەڵكی بێتاوانی كردووەتە قوربانی".

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەمە (٢٠ی تەموزی ٢٠٢٢) بەھۆی ھێرشی دەوڵەتی توركیا؛ (٩) ھاوڵاتی شەھید بون و (٢٣) كەسی دیكەش لە ناوچەیەكی گەشتیاری ناحیەی (دەركار)ی قەزای زاخۆ برینداربون، ئەم ھێرشە ئاسمانیانەی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق و ھەرێمی كوردستان، كە زۆرجار شوێنی نیشتەجێبونی كردووەتە ئامانج و خەڵكی سڤیل و منداڵ و ژنانی تێدا بوونە قوربانی؛ پێشێلكاری زەقی یاسا نێودەوڵەتیەكان و حسابنەكردنە بۆ سەروەری خاكی عێراق و مافەكانی مرۆڤ".

بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "ئێمە لەكاتێكدا بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە ھێرشانە دەكەین، لەھەمانكاتدا دامەزراوەكانی حوكمڕانی عێراق و ھەرێم لە سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی ئیتحادی، لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی ھەرێم دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی بۆ سنوردانان و كۆتایھێنان بەو پەلامار و پێشێلكارییانە كە سەدان خەڵكی بێتاوانی كردووەتە قوربانی".



PM:07:47:20/07/2022