مەسرور بارزانی: بەتوندی سەركۆنەی تۆپبارانی توركیا دەكەم


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەتوندی سەركۆنەی تۆپبارانی سوپای توركیا دەكەم و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لە هەماهەنگیداین بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی ورد و بەرفراوان".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە "تۆپبارانكردنی سەرەڕۆییانەی هاوینەهەوارێكی زاخۆ لەلایەن هێزەكانی توركیا كە چەندین كەسی سیڤل بوونە قوربانی، بە توندترین شێوە سەركۆنە دەكەم".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "وەزیری تەندروستی د.سامان بەرزنجیم بۆ شوێنی تۆپبارانەكە ناردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوهدار شێخۆ قسەم كردووە بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارەكان و ئەو خێزانانەی ئازیزەكانیان لەدەستداوە، ئەنجام بدەن".

هەروەها دەڵێت "هێرشكردنە سەر خەڵكی سیڤل، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەم جۆرە ڕووداوانە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە ، بۆیە دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێت. ئێمە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لە هەماهەنگیداین بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی ورد و بەرفراوان".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتویەتی "هەرێمی كوردستان، بەردەوام ڕاكێشراوەتە ناو شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە. كە زیان و ئازارێكی زۆری بە هاووڵاتیانمان گەیاندووە و دەبێت كۆتایی پێبێت".




PM:09:53:20/07/2022