یەكەم لێدوانی بەرپرسانی توركیا سەبارەت بە تۆپبارانەكەی ئەمڕۆی زاخۆ


وەزارەتی دەرەوەی توركیا رەتیدەكاتەوە ئەوان تۆپبارانەكەی ئەمڕۆی سنووری زاخۆیان كردبێت و دەڵێن "توركیا ئامادەی هەموو هەنگاوێكە تاوەكو راستییەكان ئاشكرا دەكرێن".
 
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دڵگرانین بە گیان لەدەستدانی هەشت هاوڵاتیی عێراقی و برینداربوونی 23 كەسی دیكە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئەمڕۆ 20ی تەممووز لە ناوچەیەكی گەشتیاریی سەر بە شارۆچكەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك لە عێراق كەوتەوە". 
 
وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت "توركیا لە دژی هەر هێرش و كردەوەیەكە كە خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج. توركیا لە خەباتی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە زۆر بە هەستیارییەوە ئۆپەراسیۆنەكان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیل، ژێرخانی سڤیل، پێگەی مێژوویی و كولتووری، سروشت پارێزراوبن. هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەم جۆرە كردەوە و هێرشانە كە راستەوخۆ خەڵكی سڤیل دەكەنە ئامانج ئەوەیە كە سەرچاوەكەی رێكخراوی تیرۆریستییە و ئەمەش رەوایی خەباتی توركیا لە دژی تیرۆریستان دەیسەلمێنێت". 

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "توركیا ئامادەیە هەموو هەنگاوێك لە هەر خاڵێك بنێت تاوەكو راستییەكان ئاشكرا دەكرێن.  بانگهێشتی كاربەدەستانی عێراق دەكەین لەژێر كاریگەری رێكخراوی تیرۆریستیی لێدوان نەدەن و هاریكار و هاوئاهەنگ بن بۆ ئەوەی بكەرە راستەقینەكان ئاشكرا بكرێن".



PM:10:23:20/07/2022